وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بانکی پەرەپێدانی نێوەدەوڵەتی (IDB) لەمەودوا بەشێک نابێت لە پڕۆژەی هەژماری من بەهۆی سنووردارکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق لەڕووی مامەڵەکردن بە دۆلارەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوی كردەوە: ئەو مووچەخۆرانەی کە ئێستا لە بانکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) تۆمارکراون، لە ڕێگەی سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی هەژماری من پەیوەندییان پێوە دەکرێت و ئاگادار دەکرێنەوە لەبارەی گواستنەوەی هەژمارەکانییان بۆ یەکێک لە بانکەکانی دیکەی ناو پڕۆژەکە.
بڵاویشی كردەوە:پڕۆژەی هەژماری من بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حەوت لە بانکە هاوبەش و ڕێگەپێدراوەکان کە تەواو پابەندن بە ڕێنمایی و پێوەرەکانی بانکی ناوەندی عێراقی و توانای مامەڵەکردنیان بە دۆلار هەیە، کە ئەمەش ڕێگە بە سوودمەندانی پڕۆژەی هەژماری من دەدات لەوەی کارتە بانکییەکانیان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق بەکاربهێنن.
مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی شوباتی ساڵی 2023 پڕۆژەی (هەژماری من)ی ڕاگەیاند وەک بەشێک لە دیدگە و ستراتیژی هەرێمی کوردستان بۆ فراوانکردنی گشتگیری دارایی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەی نەختینە (کاش).
ئێستا زیاتر لە 900 هەزار مووچەخۆری حکوومی خۆیان تۆمار کردووە لە پڕۆژەی هەژماری من.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.