وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بەهۆی شەڕێکی عەشایەری لە بەغدا، دوو ئەفسەری پۆلیسی فیدراڵی کوژران و پێنجی دیکە بریندار بوون. وەزارەتەکە دەڵێت، دوو چەکداریش کوژراون و شەش کەسی دیکەش دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، شەوی رابردوو لە کاتی هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕێکی عەشایەری لە ناوچەی سەعادەی نزیک کارگەی گازی رەسافە لە بەغدا، دوو ئەفسەری پۆلیسی فیدراڵی کوژران و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، هێزە ئەمنییەکە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا، رووبەڕووی هێرشێکی چەکداریی راستەوخۆ بووەتەوە لەلایەن ئەو کەسانەوەی کە شەڕەکەیان هەڵگیرساندووە. ئەمەش وایکردووە هێزەکە وەڵامی سەرچاوەی تەقەکان بداتەوە بە مەبەستی دەستگیرکردنی تاوانباران.
لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، دوو کەس لە هێرشکارەکان کوژراون، پێنجی دیکەیان بریندار بوون و شەش تۆمەتباریش دەستگیرکراون. لەئێستاشدا هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی پشکنین و گەڕانیان لە گەڕەکەکانی ناوچەکە دەست پێ کردووە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق هۆشداریشی داوە کە رێوشوێنی تووند دژی هەموو ئەو تاوانبارانە دەگیرێتەبەر کە ناکۆکیی عەشایەری و شەڕی چەکداری دروست دەکەن.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: " ئەم ئۆپەراسیۆنە کۆتایی نایەت تاوەکو هەموو ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە دەستگیر دەکرێن و رادەستی دادگا دەکرێن بۆ ئەوەی سزای خۆیان وەربگرن و ببنە پەند بۆ کەسانی دیکە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.