Erbil 31°C دووشەممە 06 تەمووز 16:37

پڕۆژەی بەردڕێژكردنی قەڵای هەولێر 95%ی كارەكانی تەواو بووە

کوردستان TV
100%

پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، پڕۆژەی بەردڕێژكردنی قەڵای هەولێر 95%ی كارەكانی تەواو بووە، جەختیش دەكاتەوە كە بەمزووانە دەست بە نۆژەنكردنەوەی منارەی چۆلیش دەكرێت.

پارێزگای هەولێر هەروەها رایدەگەیەنێت: قەڵای هەولێر و منارەی چۆلی ئەم دوو شوێنەوارە دێرینەی پایتەختی هەرێمی کوردستان ئامادە دەکرێن بۆ ئەوەی پارێزگاری لە سیمای ڕەسەنی خۆیان بکەن و ببنە ناوەندێکی سەرەنجڕاکێشتر بۆ گەشتیاران.

قەڵای هەولێر؛ پاراستنی ڕەسەنایەتی و کردنەوەی بە ڕووی گەشتیاراندا

قەڵای هەولێر کۆنترین شوێنەواری زیندووی جیهانە لە لیستی میراتی یونسکۆ، لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ دەکرێت.

پرۆژەکە بەپێی ستانداردە جیهانییەکانی بواری شوێنەوار و کەلەپوور جێبەجێ دەكرێت، بەجۆرێک کە سیمای ڕەسەنی قەڵا و خانوو و کۆڵانەکانی بە پارێزراوی بمێنێتەوە.

بە سەرپەرشتیی کۆمسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر و لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، چەندین کاری گرنگی بۆ ئەنجام دراوە، لەوانە: نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی مێژوویی قەڵاكە و بەردڕێژکردنی کۆڵانەکانی ناو قەڵا بە شێوازێکی کولتووریی تایبەت كە لە ئێستادا %95ی كارەكانی تەواو كراون.

هەروەها بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگریکردن لە ڕووخان و تێکچوونی دیوار و خانووە کۆنەکان، خاڵی سەلامەتی دروست كراوە و سیستەمی ڕووناکی بۆ ناوەوە و دەرەوەی قەڵا و ژوورە نۆژەنکراوەکانیش دانراوە، هاوكات دروستکردنی مۆزەخانەی منداڵان وەک بەشێکی نوێ و زیندوو لەناو قەڵادا دەكرێتەوە.

قەڵای هەولێر ڕووبەرەکەی 110 هەزار مەتر دووجایە و لە 506 خانوو پێک هاتووە، بریارە لە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکەدا چایخانەیەکی کولتووری و چێشتخانە و هۆتێلێكیش لە قەڵا دروست بکرێن بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە دەرگای پێشوازی بەڕووی گەشتیاراندا بکرێتەوە.

منارەی چۆلی؛ وەک میراتێکی مێژوویی دەپارێزرێت

منارەی چۆلی بەرزییەکەی 37 مەترە و یەکێکە لە شوێنەوارە هەرە ناسراوەکانی كوردستان، بە مەبەستی پاراستنی ئەم میراتە مێژووییە، بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست بە نۆژەنکردنەوەی بکرێت.

پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی منارەی چۆلی بە گۆڕینی شوورای دەوروبەری، پڕکردنەوەی کەلێنەکان و دانانی کامێرای چاودێری دەست پێ دەکات، هاوکات سەرجەم ئەو هۆکارانەی کە ئەگەری مەترسین بۆ منارەکە لە دەوروبەری لادەبرێن.

ئەم پرۆژەیە، منارەکە دەکاتە ناوچەیەکی شوێنەواریی گەشتیاری کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی لە تێکچوون و ناساندنی زیاتری بە گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.