پارێزگاری نەینەوا ڕایگەیاند، بڕیاردرا گۆڕی بەکۆمەڵی "خەسفە" لە باشووری موسڵ هەڵبدرێتەوە، کە بە گەورەترین گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراقدا دادەنرێت و مەزەندە دەکرێت ڕووفاتی زیاتر لە 20 هەزار قوربانیی دەستی تیرۆریستانی داعشی تێدابێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 17ـی ئابی 2025، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا ڕایگەیاند: چاڵی خەسفە دەکەوێتە دووری 20 کیلۆمەتر لە باشووری موسڵ و یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکانی داعش لە ماوەی سێ ساڵی داگیرکردنی شارەکەدا، کە تێیدا هەزاران هاووڵاتی بە تۆمەتی جیاجیا کوشتووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، چاڵەکە سەدان مەتر قووڵە و تیرۆریستان بۆ شاردنەوەی تاوانەکەیان زیاتر لە 60 کەرەڤانەیان بە زنجیر فڕێداوەتە ناوی تا ڕووفاتەکان دیار نەمێنن.
هەروەها ئاشکرایکرد، بەهۆی قووڵییەکەی و بوونی مەترسیی مینی چێندراو، تا ئێستا کەس نەیتوانیوە لێی نزیک ببێتەوە.
پارێزگاری نەینەوا دەڵێت، ئەمڕۆ بڕیاردرا بە چەند قۆناغێک پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکە دەست پێ بکات و لەلایەن تیمی تایبەت بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە بەغداوە سەرپەرشتی دەکرێت.
بەپێی دوایین ئاماری دەزگای شەهیدانی عێراق، تا ئێستا 202 گۆڕی بەکۆمەڵ لە سەرتاسەری وڵاتدا دۆزراونەتەوە، کە 98 گۆڕیان دەکەونە سنووری پارێزگای نەینەوا و زۆربەیان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعش.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.