Erbil 31°C پێنجشەممە 20 ئاب 01:50

11 ساڵ بەسەر جینۆسایدی شنگالدا تێپەڕی

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ 11 ساڵی تەواو بەسەر یەکێک لە ڕەشترین ڕۆژەکانی مێژووی هاوچەرخدا تێدەپەڕێت، کاتێک لە 3ی ئابی 2014، تیرۆرستانی داعش هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر قەزای شنگال و دەستیان بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی کرد. سەرەڕای ئازادکردنی شارەکە، هێشتا ئاسەوارەکانی ئەو تاوانە گەورەیە ماون و زۆرینەی خەڵکی ناوچەکە لە کەمپەکانی ئاوارەییدا ژیان بەسەر دەبەن.


هێرش و تاوانەکانی داعش

لە بەرەبەیانی 3ـی ئابی 2014، چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش پەلاماری شنگال و دەوروبەرییان دا. ئامانجی سەرەکیی هێرشەکە سڕینەوەی ناسنامەی ئایینی و نەتەوەیی کوردانی ئێزدی بوو. لە چەند ڕۆژی یەکەمدا، تیرۆریستان کۆمەڵێک تاوانی جەنگ و تاوانی دژەمرۆییان ئەنجام دا کە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەچنە خانەی جینۆسایدەوە:

کۆمەڵکوژی:  هەزاران پیاو و گەنجی بێتاوان بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ کوژران و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا نێژران.

ڕفاندن و بەکۆیلەکردن:  بەپێی ئامارە فەرمییەکان، 6,417 ژن و منداڵی ئێزدی ڕفێندران. تیرۆریستان ژنانیان وەک "کەنیزەک" مامەڵە لەگەڵ دەکردن و لە بازاڕەکاندا کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکردن.

وێرانکاریی کولتووری و ئایینی:  داعش بە شێوەیەکی سیستماتیک 68 مەزارگە و پەرستگای پیرۆزی ئێزدییەکانی وێران کرد، بە مەبەستی سڕینەوەی میراتی کولتووری و ئایینیی ناوچەکە.

بەهۆی ئەم کارەساتەوە، 2,745 منداڵ بێ دایک و باوک ماونەتەوە و تا ئێستا 83 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، کە شاهیدی زیندووی قەبارەی تاوانەکەن.


ئازادکردنی شنگال و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی

دوای کارەساتەکە، سەدان هەزار هاووڵاتیی ئێزدی ئاوارە بوون و بەشێکی زۆریان پەنایان بۆ چیای شنگال برد، کە لەوێ لەلایەن تیرۆرستانەوە گەمارۆ دران. لەو دۆخە سەختەدا، هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانییان ڕێڕەوێکی مرۆیی بۆ ڕزگارکردنیان بکەنەوە.

لە 13ـی تشرینی دووەمی 2015، بە فەرماندەیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی، پرۆسەی ئازادکردنی شنگال دەستی پێ کرد و هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانییان شارەکە لە تیرۆرستانی داعش پاک بکەنەوە.

سەرۆک بارزانی، لە چیای شنگال موژدەی رزگارکردنی شارەکەی لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، ڕزگارکردنی شنگال لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەكانمان، لەڕووی سەربازیی، سیاسیی و مێژووییەوە سەركەوتنێكی مەزنە بۆ گەلی كوردستان.


دۆخی ئاوارەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم گەڕانەوە

سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر ئازادکردنی شنگال، هێشتا بارودۆخی ناوچەکە ئاسایی نەبووەتەوە. زیاتر لە 280 هەزار ئاوارەی ئێزدی هێشتا لە کەمپەکانی ئاوارەیی لە پارێزگای دهۆک ژیان بەسەر دەبەن، کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێن.

گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان، بریتییە لە نەبوونی سەقامگیریی ئەمنی بەهۆی بوونی گرووپە چەکدارە نایاساییەکان و جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی شنگال لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە، کە ئامانج لێی ئاساییکردنەوەی دۆخی ئیداری و ئەمنیی ناوچەکەیە.

لە کاتێکدا چارەنووسی نزیکەی 2,700 ڕفێندراو هێشتا نادیارە، کۆمەڵگەی ئێزدی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە فشارەکانیان بۆ سەر بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیان، ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ دانیشتووانەکەی.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.