Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 01:32

سوپای ئیسرائیل ڕاگرتنێکی کاتیی شەڕی لە بەشێکی غەزە ڕاگەیاند

کوردستان TV
100%

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بۆ ئاسانکردنی هاتنەناوەوە و دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان، ڕۆژانە و بە شێوەیەکی کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لەسەر ڕێڕەوێکی سەرەکی لە باشووری کەرتی غەزە ڕادەگرێت، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمە بە واتای ڕاگرتنی تەواوەتیی شەڕ نایەت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی تەمووز، سوپای ئیسرائیل ڕاگرتنێکی تاکتیکی و ناوچەیی بۆ چالاکییە سەربازییەکانی لە ناوچەیەکی دیاریکراوی کەرتی غەزە ڕاگەیاند. بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی مرۆیی و بۆ باشترکردنی ڕەوشی گەیاندنی هاوکارییەکانە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند بارهەڵگرەکانی هەڵگری خۆراک و هاوکارییەکانی دیکە لە میسرەوە بەرەو ڕەفەح کەوتوونەتە ڕێ و سوپای ئیسرائیلیش دەڵێ بەردانەوەی هاوکارییە مرۆییەکان لە ڕێگای ئاسمانییەوە دەستی پێ کردووە و هەنگاوی دیکەش بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی مرۆیی لەم ناوچەیە دەگیرێتە بەر.

بەپێی بەیاننامەکەی سوپای ئیسرائیل، ڕاگرتنە کاتییەکە ڕۆژانە لە کاتژمێر 8:00ـی بەیانییەوە تا کاتژمێر 7:00ـی ئێوارە کاری پێ دەکرێت و تا ئاگادارییەکی دیکە بەردەوام دەبێت. ناوچەکەش ڕێڕەوی نێوان دەروازەی کەرەم شەلوم تا ڕێگای سەڵاحەدین و بەرەو باکوور دەگرێتەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەمە هەنگاوێکی دیکەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ زیادکردنی قەبارەی هاوکارییە مرۆییەکان کە دەچنە ناو کەرتی غەزەوە".

هاوکات سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارە بە مانای ڕاگرتنی شەڕ لە باشووری کەرتی غەزە، بەتایبەتی لە شاری ڕەفەح نایەت و ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی چەکدارانی حەماس بەردەوام دەبن.


لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە: "هیچ گۆڕانکارییەک لە شێوازی هاتنەناوەوەی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەزە لە ڕێگەی دەروازەکانەوە ڕووی نەداوە".

ئەم بڕیارە نوێیە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانی فریاگوزاری بەردەوام هۆشداری دەدەن لە قەیرانێکی مرۆیی قووڵ لە غەزە و داوای ئاسانکاریی زیاتر دەکەن بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بە خەڵکی مەدەنی.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.