بە پێی ڕاپرسییەک کە سەبارەت بە حزبە نوێیەکەی ئیلۆن ماسک ئەنجام دراوە ٪11ـی کۆی گشتیی بەشداربووان بیر لە پشتیوانیکردنی حزبەکەی ماسک دەکەنەوە.
ماڵپەری ''ئەکسیۆس''، ڕۆژی سێشەممە، 15ـی تەمووز، بڵاوی کردەوە، بە پێی ڕاپرسییەکی کۆمپانیای یوگاڤ، ٪11ـی ئەمریکییەکان ئامادەن بچنە پاڵ ئەو حزبە سیاسییە نوێیەی ئیلۆن ماسک دایمەزراندووە و ناوی لێ ناوە ''حزبی ئەمریکا''.
لە ڕاپرسییەکەدا هاتووە نزیکەی نیوەی بەشداربووان واتە ٪45، پێیان وایە بوونی حزبێکی سیاسیی سەرەکیی سێیەم بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێویستە. هەرچەندە کۆمارییەکان کەمتر خوازیاری بوونی حزبێکی سیاسیی سێیەم بوون، بەڵام ئەوان و سەربەخۆکان زیاتر لە دیموکراتەکان ئامادەییان تێدا بوو بۆ پشتیوانیکردنی حزبەکەی ماسک.
ماسک، لە مانگی ڕابردوودا، بە تایبەتی دوای دوورکەوتنەوەی لە ئیدارەکەی ترەمپ، بەشێک لە جەماوەرەکەی لە دەست داوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاپرسییەکە دەری خستووە بەهێزترین لایەنگرانی ماسک کۆمارییەکانن، بەتایبەت ئەوانەی خۆیان بە لایەنگری دروشمی "با ئەمریکا دووبارە مەزن بکەینەوە" پێناسە دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.