شەڕ و پێکدادانی نێوان درووزییەکانی سووریا و عەشیرەتە عەرەبەکانی سەر بە حکوومەتی کاتیی ئەم وڵاتە لە پارێزگای سوەیدا کوژرانی 99 کەسی لێ کەوتووەتەوە.
ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریا ڕایگەیاند تا کۆتایی ڕۆژی دووشەممە، ژمارەی کوژراوانی پێکدادنەکانی سوەیدا گەیشتووەتە 99 کەس کە لەوانەش 60 کەسیان سەر بە کەمینەی ئایینیی درووزی و 18 کەسیش لەو عەشیرەتە عەرەبانەن کە لایەنگری حکوومەتی سووریان.
وەزارەتی بەرگریی سووریاش ڕایگەیاندووە لانیکەم 18 کەس لە هێزە ئەمنییەکانیان کە بۆ پارێزگای سوەیدا بەڕێ کرابوون، لە پێکدادن لەگەڵ "گرووپە نایاساییەکان"دا کوژراون و ژماریەەکیشیان بریندار بوون.
حەسەن عەبدولغەنی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سووریا بە کەناڵی ئەخبارییەی ڕایگەیاند، شەڕێکی چڕ لەگەڵ گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی ئەو پارێزگایە بەردەوامە، بەڵام بەرەو کۆنترۆڵکردن دەڕوات و دۆخی شەڕەکە لە بەرژەوەندی حکوومەتی سووریایە.
کەناڵی "سوەیدا24" بڵاوی کردەوە پێکدادنەکان بەیانیی ڕۆژی سێشەممە 15ی تەمووزیش هەر بەردەوام بوون و شەڕێکی قورس لە چوار میحوەری سوعلە، حەزم، کەناکر و تەعارە لە ئارادایە.
فەریق ئەحمەد ئەلدەلاتی، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای سویدە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "هێزەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری دەست بە چوونە ناو سەنتەری شاری سویدە دەکەن"، هاوکات قەدەغەی هاتوچۆی لە سوەیدا ڕاگەیاند "لە سەر شەقامەکانی شارەکە تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر".
سەرکردایەتیی ڕۆحی دروزەکان پێشوازییی لە هاتنی هێزەکانی حکوومەت بۆ ناو شارەکە کرد و داوای لە کوتلە چەکدارەکان کرد هاوکارییان بکەن و "بەرەنگاری هاتنە ژوورەوەیان نەبن و چەکەکانیان ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆ بکەن".
پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس لە گوندی ئەلمەزرەعەی سوەیدا ڕایگەیاند دەنگی تۆپباران و تەقینەوەکانی بیستووە و بینیویەتی کاروانە سەربازییەکان دەچنە ناو دەوروبەری شاری سوەیدا و موشەکهەڵگر و تۆپخانەی قورس، لەلایەن هێزەکانی بەرگری و ناوخۆوە لە دەوروبەری شارەکەدا جێگیرکراون. باسی لەوەش کردووە، لە هەندێک شارۆچکەدا شەڕ و پێکدادان بەردەوامە، هەروەها یەکە سەربازییەکان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ چوونە ناو شارەکە.
ئەنجومەنی سەربازیی سووریا لە پارێزگای سوەیدا بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندراوێک جەختی کردووەتەوە، سوەیدا هی گەلی نشتەجێی ئەم شوێنەیە و رێگا نادەن لە لایەن خەڵکی دیکەوە بەڕێوە برێت. جەختیشی کردووەتەوە خەڵکی ئەم ناوچەیە بە ئاسانی نابنە نێچیر بۆ کاری تێکدەران.
سوپای ئیسرائیلیش بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک ڕایگەیاند، لە گوندی سەمیع چەند تانکێکی حکوومەتی سووریای تەقاندووەتەوە کە بەرەو سوەیدا دەچوون. ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە ئاماژەکردن بەوەی ئەمە "هۆشدارییەکی ئاشکرا بۆ ڕژێمی سووریا" بوو ڕایگەیاند: "ڕێگا نادات درووزییەکانی سووریا زیانیان پێ بگات".
درووزییەکان کە کەمینەیەکی ئایینین، 700 هەزار کەسیان لە پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا نشتەجێن و 120 هەزار کەسیشیان هاووڵاتیی ئیسرائیلن.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە، پەیوەندیی باشی حکوومەتی ئیسرائیل لەگەڵ درووزییەکانی نشتەجێی ئیسرائیل کە بەشێکیشیان پەیوەستی سوپای ئیسرائیل بووەن بووەتە هۆی ئەوەی ئیسرائیل پشتیوانی لە درووزییەکانی سووریا بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.