ئیلۆن ماسک، ملیاردێری ئەمریکی و خاوەنی کۆمپانیاکانی سپەیس ئێکس و تێسلا، پێشبینییەکی نوێی لەبارەی داهاتووی زیرەکیی دەستکردەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا، توانای زیرەکیی دەستکرد زیاتر دەبێت لە هزریی هەر مرۆڤێکی تر لە هەر بوارێکدا.
ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی تەمووز، ئیلۆن ماسک لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی: ''زیرەکیی دەستکرد لە زۆربەی مرۆڤەکان زۆر زیرەکترە، بەڵام هێشتا لە هەموو بوارێکدا لە هەموویان زیرەکتر نییە. ئەمە روودەدات و ئەگەری زۆرە لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا لە هەر مرۆڤێک لە هەر بوارێکدا زیرەکتر بێت، هەروەها لە ماوەی نزیکەی پێنج ساڵی داهاتوودا لە کۆی هەموو مرۆڤەکان پێکەوە زیرەکتر دەبێت.''
ئیلۆن ماسک، دەڵێت: "زۆر گرنگە دڵنیایی بدرێت کە زیرەکیی دەستکرد تا ئەوپەڕی توانای بەدوای راستییەکاندا بگەڕێت."
ئەمە لە کاتێکدایە کە ماسک پێشتر و لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا ئاژەی بەوە کردبوو، دڵنیایە تاوەکو ساڵی 2030 زیرەکیی دەستکرد، زیرەکیی هەموو مرۆڤەکان تێدەپەڕێنێت.
هەروەها لە مانگی ئاداری هەمان ساڵدا گوتبووی، تاوەکو ساڵی 2025 زیرەکیی دەستکرد لە هەر مرۆڤێک زیرەکتر دەبێت و تاوەکو ساڵی 2029ـیش لە کۆی هەموو مرۆڤایەتی پێکەوە زیرەکتر دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.