Erbil 31°C پێنجشەممە 06 ئاب 16:38

کۆمسیۆنی ئەورووپا ئامادەی ڕێککەوتنێکی بازرگانییە لەگەڵ ئەمریکا

کوردستان TV
100%

کۆمسیۆنی ئەورووپا ئەمڕۆ هەینی ئامادەیی خۆی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا ڕاگەیاند، بەڵام هێشتا چاوەڕێی ڕەزامەندیی کۆتایی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە.

ئۆلۆف گیل، گوتەبێژی کۆمسیۆنی ئەورووپا بۆ کاروباری بازرگانی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "با چاوەڕێ بین و بزانین لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا چی ڕوودەدات، ئێمە لەلایەن خۆمانەوە ئامادەین."

کۆمسیۆنی ئەورووپا تاکە لایەنە کە دەسەڵاتی دانوستاندنی لەسەر ڕێککەوتنە بازرگانییەکان و بڕیاردانی لەبارەی باجی گومرگییەوە هەیە بە نوێنەرایەتیی 27 وڵاتی ئەندام، کە دواتر ئەوانیش بڕیارەکان پەسەند دەکەن.

لەم ڕۆژانەی دواییدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ڕێگەی پۆستکردن لە تۆڕی "ترووس سۆشیاڵ"ـەوە گۆڕانکاریی لە باجی گومرگیی سەپێندراو بەسەر کەنەدا و بەڕازیلدا ڕاگەیاند، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕاگەیەنراوێک سەبارەت بە یەکێتیی ئەورووپا بڵاو نەکراوەتەوە.

پێشتر ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی باجی گومرگی بە ڕێژەی 50٪ بەسەر یەکێتیی ئەورووپادا کردبوو، کە ئەم ڕێژەیە زۆر لە پلانەکەی پێشووتری لە مانگی نیساندا بەرزترە کە باجەکەی بە 20٪ دیاری کردبوو.

بەگوێرەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، خاڵە سەرەکییەکانی ئەو ڕێککەوتنەی کە دانوستانی لەسەر دەکرێت، جەخت لەسەر سەپاندنی باجی گومرگیی 10٪ـی ئەمریکا دەکاتەوە بەسەر هاوردەکانی ئەورووپادا، لەگەڵ هەندێک بەدەرکردن.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی کۆمسیۆن، تا ئێستا هیچ پلانێک بۆ پەیوەندی یان کۆبوونەوەی نوێ لە نێوان دانوستانکارانی یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا، یان لە نێوان ترەمپ و ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەورووپا، لە ئارادا نییە.

پاولا پینیۆ، گوتەبێژی کۆمسیۆن گوتی: "هەموو شتێک لە هەر ساتێکدا دەکرێت بگۆڕێت."

هەروەها یەکێتیی ئەورووپا ڕێوشوێنی وەڵامدانەوەی بۆ هەر خولێکی نوێی باجی گومرگیی ئەمریکا ئامادە کردووە کە کەرتی پۆڵا و ئۆتۆمبێل دەکاتە ئامانج. ئەم ڕێوشوێنانە تا 14ـی تەمووز هەڵپەسێردرابوون بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بڕەخسێنرێت.

کۆمسیۆن تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ درێژکردنەوەی ئەم هەڵپەساردنە نەناوە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات دەتوانێت بە خێرایی ئەنجامی بدات. ئۆلۆف گیل ڕایگەیاند: "هیچ قورسییەک لە گرتنەبەری ئەم هەنگاوەدا نییە."

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.