وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و فراوانکردنی هاریکاریی ئابووری لەگەڵ واشنتن ڕاگەیاند و جەختیشی کردەوە کە سەرەڕای بەرگریی توند لە شەڕی ڕابردوودا، دیپلۆماسی هێشتا باشترین چارەسەرە.
ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی تەمووز، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند كە وڵاتەکەی پێش هەڵگیرسانی شەڕ کراوە بووە بە ڕووی هاریکاریی دوولایەنەدا لەگەڵ ئەمریکا و دووپاتی کردەوە کە ئێران بە توندی بەرگریی کردووە تا ئیسرائیل ناچار بوو پشت بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ببەستێت بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە.
عێراقچی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: تاران هێشتا کراوەیە بە ڕووی هاریکاریی دوولایەنەدا لەگەڵ ئەمریکا بە ئامانجی بووژاندنەوەی ئابووریی ئێران. جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی دژی هەر هێرشێکی داهاتوو بەرگری لە خۆی دەکات.
ناوبراو ئاشکرای کرد کە ئێران پەیامی لە ئەمریکاوە پێگەیشتووە سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکان و دووپاتی کردەوە کە دیپلۆماسی هێشتا لە ڕوانگەی تارانەوە باشترین چارەسەرە.
وەزیری دەرەوەی ئێران پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئاشتیانە لەژێر چاودێریی نەتەوەیەکگرتووەکاندا نوێ کردەوە و خواستی ئێرانی بۆ بەشداریکردن لە هاریکاریی ئابووریی فراوانتر لەگەڵ ئەمریکا دەربڕی.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ لە کاتی نانخواردنی ئێوارە لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بۆ ڕۆژنامەنووسان قسەی کرد و گوتی كە دەیەوێت سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە کاتێکی گونجاودا هەڵبگرێت.
لەبارەی ئەگەری هێرشێکی دیکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند: ئەوان ئاشتییان دەوێت و منیش بە تەواوی پشتگیریی دەکەم، ئەگەر ئەوەش ڕوو نەدات، ئێمە ئامادە و بەتواناین، بەڵام پێم وا نییە پێویستمان بەوە ببێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.