Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 19:40

ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی "ئاڵای رەش"ـی دژی حووسییەکان راگەیاند

کوردستان TV
100%

سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن راگەیاند و هۆشداریدا کە چارەنووسێکی هاوشێوەی تارانیان دەبێت.

رۆژی دووشەممە 7ـی تەمووز، سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی هێرشێکی بەرفراوانی بە ناوی "ئاڵای رەش" بۆ سەر پێگەی حووسییەکان لە یەمەن راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، هێرشی تووندیان کردووەتە سەر بەندەرەکانی حەدیدە، راس عیسا و سەلیف.

هێرشەکان چەند خولەکێک دوای ئەوە دەستیانپێکرد کە سوپای ئیسرائیل هۆشداریی بەپەلەی دایە دانیشتووانی ناوچە ئامانجکراوەکان و داوای لێ کردن دەستبەجێ شوێنەکانیان چۆڵ بکەن.

یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "پێویستە حووسییەکان باجێکی قورس بۆ کردارەکانیان بدەن، چارەنووسی یەمەن هاوشێوەی چارەنووسی تاران دەبێت و هەرکەسێک هەوڵی زیانگەیاندن بە ئیسرائیل بدات، زیانی پێدەگات، هەر دەستێکیش بەرامبەر ئیسرائیل بەرزبکرێتەوە، دەبڕدرێتەوە."

بە گوتەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، وێستگەکانی کارەبا و کەشتیی "گەلەکسی لیدەر" کراونەتە ئامانج، ئەو کەشتییەی دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن حووسییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو.

میدیای فەرمیی حووسییەکان، هێرشەکانی سەر بەندەری حەدیدەی پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام زانیاریی زیاتری لەبارەی زیانەکان بڵاونەکردەوە.

هاوکات، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، حووسییەکان رایانگەیاندووە کە سیستمی بەرگریی ئاسمانییان دژی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل کاراکردووە.

هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، بەڕێگاوەیە بۆ واشنتن بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ. هەروەها  هاوکاتە لەگەڵ دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان شاندی ئیسرائیل و حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.