بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر دەڵێت لە سێ رۆژی جەژنی قوربان زیاتر لە 300 کەس بەهۆی رووداوی جۆراوجۆر گەیەنراونەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانی هەولێر و دەشڵێت؛ "لەو ژمارەیە 70 کەسیان بە رووداوی هاتوچۆ بریندار بوون".
رۆژی دووشەممە 9ـی حوزەیرانی 2025 دکتۆر دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بە سامان سلێمان، پەیامنێری کوردستان تیڤی راگەیاند؛ "لە سەنتەری شوشتنی گورچیلە 595 نەخۆشمان هەیە کە بە بەردەوامی پێویستییان بە شوشتنی گورچیلە هەیە، لە رۆژانی جەژن زیاتر لە 400 شۆردنەوەی گورچیلەیان بۆ ئەنجامدراوە".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر گوتی؛ "لە هەموو پارێزگای هەولێر 80 ئامێری شوشتنی گورچیلە هەیە و بەهۆی ئەوەی ئامێرەکان پێشکەوتوون، رێژەی مردنیان لە پارێزگاکەمان کەم کردووەتەوە".
دکتۆر دلۆڤان محەمەد ئاماژەی بە ئاماری لەدایکبوونی منداڵان لە سێ رۆژی جەژن دا و رایگەیاند؛ "لە سێ رۆژی جەژندا 71 منداڵ لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی هەولێر لە دایک بوون".
لەبارەی ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانی هەولێر، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر دەڵێت؛ "لە رۆژانی جەژن لە بەشی فریاکەوتنەکانی رزگاری و رۆژئاوا زیاتر لە 70 نەشتەرگەریی ئەنجامدراون".
دکتۆر دلۆڤان محەمەد دەشڵێت؛ "لە سێ رۆژی جەژنی قورباندا زیاتر لە 300 کەس بەهۆی رووداوی جۆراوجۆرەوە سەردانی نەخۆشخانەکانی هەولێریان کردووە و لەو ژمارەیە 70 کەسیان بە رووداوی هاتووچۆ بریندار بوون".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر پێیوایە؛ لەدوای دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەناو شار و دەرەوەی شارەکان، رووداوی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەم بووەتەوە، بەڵام "لە بەرامبەریدا رووداوی هاتووچۆ بەهۆی ماتۆڕسکیلەوە زیادی کردووە" و دەشڵێت؛ "لە رۆژی یەکەمی جەژن نۆ کەس بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە لە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رزگاری خەوێندرابوون کە لەو ژمارەیە هەشتیان بە ماتۆڕسکیل تووشی رووداو بووبوون".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.