مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی جیهانیی کرێکاراندا دووپاتی کردەوە داکۆکی دەکات لە مافی کرێکاران .
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی ئایاری 2025 سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامی پیرۆزبای ئاراستەی تەواوی کرێکارانی جیهان کرد.
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت کرێکارانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم.
ڕێز و پێزانینێکی زۆرم بۆ ماندووبوون و ئەرک و بەشداریی کارای كرێكارانی كوردستان لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستاندا هەیە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵانی ڕابردوودا، هەوڵی زۆری داوە و کاری کردووە لەپێناو باشترکردنی دۆخی ژیانی کرێکاران و پاراستنی مافەکانیان، لەم ڕووەشەوە، پابەندبوونی خۆمان بە داکۆکیکردن و دابینکردنی مافەکانی کرێکاران لە ڕووی تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی و مافە یاساییەکان و باشترکردنی هەلومەرجەکانی کارکردنیان دووپات دەکەینەوە.
ڕۆژی جیهانیی کرێکاران پیرۆز بێت و هیوادارم هەمیشە مافەکانیان پارێزراو بێت و تەندروست بن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.