ئەمڕۆ یەكشەممە بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێرکۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە بەرگرتن و خۆپارێزیى لە نەخۆشى (تای خوێن بهربوون) (الحمی النزفیه) ئەنجامدرا کە نهخۆشییهكی ڤایرۆسی مهترسیداره بۆ سهر ژیانی مرۆڤ و له ڕێگهی ئاژهڵهوه بۆ مرۆڤ دهگوازرێتهوه و ههندێكجار له مرۆڤهوه بۆ مرۆڤ.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر دواى ئەوەى بەدواداچوونى بۆ چۆنیەتى بڵاو بوونەوەى نەخۆشییە کرد و لە نزیکەوە ڕا و سەرنجى ئامادەبووانى وەرگرت کە سوپاس بۆ خودا تاکو ئێستا لە هەرێمى کوردستان هیچ حاڵەتێکى ئەم نەخۆشییە بەدی نەکراوە، بەڵام لەو ماوەیەدا لە چەند شارێکی عێراق چەند حاڵەتێک تۆمار کراوە و بەهۆیەوە چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە.
لەپێناو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە و پاراستنى سەلامەتى گیانى هاووڵاتییان و ڕیگەگرتن لە مەترسییەکانى بڵاوبوونەوەى نەخۆشى (تاى خوێنبەربوون)، لە کۆبوونەوەكەدا ئەم بڕیارانەى خوارەوە دەركران:-
یەکەم/ بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادرێت ئاژەڵ لە دەرەوەى کوشتارگەکان بەبێ پشکنینى ڤێتەرنەرى سەرببڕدرێت، لە بەردەم دوکان و شەقامەکان، لە ماڵان، ئەرکى قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییە و شارەوانى و لیژنەکانى تەندروستیی و لیژنەى چاودێرى بازاڕە، ڕێگرى لەو کارە بکەن، هەرکەس و لایەنێک سەرپێچى بکات ڕێکارى توندى یاسایی لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر.
دووەم/ قەسابەکان پابەندن بن بەڕێنماییە تەندروستییەکان بە لەبەرکردنى کەلوپەلى خۆپارێزى.
سێیەم/ پێویستە هاووڵاتییان گۆشتیى سوور لە شوێنى ڕێگەپێدراو بکڕن و دەستکێش لەدەست بکەن و هیچ برینێک نەبێت و تەختەى لەتکردنى گۆشت لە تەختەى لەتکردنى سەوزە جیاواز بێت.
چوارەم/ بەهاوکارى یەکە کارگێڕییەکان، دەست بکرێت بە هەڵمەتى شوشتن و ڕشاندنى ئاژەڵى خۆماڵى.
پێنجەم/ لەلایەن هۆبەکانى ڤێتەرنەرى و موختارى گوندەکان، هەموو ئەو هاووڵاتییانەى خاوەنى ئاژەڵ و کارى ئاژەڵدارى دەکەن، ئاگادار بکرێنەوە لە ڕشاندنى ئاژەڵەکانیان بە دەرمانى دژە (قرنە) کە ئێستا بەردەوامە.
شەشەم/ ڕشاندنى گۆڕەپان (مەیدان)ى ئاژەڵان بەگشتى کە لە ئیستادا دەستى پێ کردووە.
حەوتەم/ خاوەنى کێڵگەکان و بازرگانانى ئاژەڵان، دەبێت پابەندبن بە ڕشاندنى ئاژەڵەکانیان بەسەرپەرشتى ڤێتەرنەرى.
هەشتەم/ دەبێت باخچەکانى ئاژەڵانى سنوورى پارێزگاى هەولێر لەژێر سەرپەرشتى ڤێتەرنەرى هەموو ئاژەڵەکانیان بشۆن و بڕشێنن.
نۆیەم/ هاتنى ئاژەڵ و گۆشت لە دەرەوەى شارى هەولێر بەبێ پشکنینى ڤێتەرنەرى و پزیشکى، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.