وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 104 هەزار بەشداربووی پرۆژەی رووناکی هەیە و سەدا 65ی کەمتر لە 42 هەزار دیناریان داوە.
ئەمرۆ یەکشەممە 27ی نیسانی 2025، لە ڕێورەسمی ئیمزاکردنی گرێبەستی نێوان کۆمپانیای تۆرۆس و جێنێراڵ ئیلیتریک وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان گوتی:لە ساڵی 2005 لە هەرێمی کوردستان دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای کەهرۆئاوی هەبوون ئەویش دەربەندیخان و دووکان کە دەتوانرا تەنها بڕی 200 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنیت، بەڵام ئێستا لە هەرێمی کوردستان 8189 مێگاوات کارەبامان لە کوردستان هەیە، لەو بڕەدا کۆمپانیای جی ئی ئەمەریکی 5250 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، کە دەکاتە %64ی کۆی گشتیی بەرهەمی کارەبای هەرێم.
کەمال محەممەد رایگەیاند، گرفتی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، کێشەی کەمیی سووتەمەنی بوو، کە تاوەکوو 2005 هیچ بڕێکی غازی شل نەبوو بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام ئێستا توانای هەرێمی کوردستان لە غازی شل بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، ئێستا زیاتر لە 650 ملیۆن پێی مەتر سێجا یە.
دواتر لە پرێس کۆنفرانسێکدا کەمال محەمەد گوتی: خەلکی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە ئەو نرخانەی باسی لێوەدەکرێت بە هیچ جۆرێک راستنییە پرۆژەی رووناکی بۆ رووناکردنەوەی ماڵەکانتان بە 24 کاژمێری و بە پێی بەکارهێنانی خۆتان نرختان بۆ دێتەوە، سەبارەت بە ئامارەکانی مانگی ٣ گوتی 104 هەزار هاوبەشمان هەیە لە 65٪ ی هاووڵاتییان کەمتر لە 42 هەزار دیناری عێراقیان بۆ هاتووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.