کەمێک پێش ئێستا بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی کورد لە رۆژئاوا دەستی بە کارەکانی کرد و بڕیارە لەو کۆنفرانسەدا گفتوگۆ لەبارەی چارەنووسی کورد لە حکوومەتی نوێی سووریا بکرێت و رەشنووسێکی هاوبەش ئامادە بکەن.
کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیی کورد لە رۆژئاوا بە بەشداری نوێنەری سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانی سووریا لە قامیشلوو بەڕێوەدەچێت و حەمید دەربەندی وەکو نوێنەری سەرۆک بارزانی لەو کۆنفرانسەدا بەشدارە.
ئەم کۆنفرانسە دوای گفتوگۆی نێوان سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی بڕیاری لێدرا و بەشێکی زۆر لە ئامادەکارییەکانی لە هەولێر ئەنجامدرا.
دوای رووخانی رژێمی بەعسی سووریا و دەستنیشانکردنی حکوومەتی راگوزەر لەو وڵاتە، هەوڵە کوردستانییەکان بۆ یەکڕیزیی و یەک هەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکانی سووریا دەستیپێکرد، بەو ئامانجەی کورد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق لەبارەی چارەنووسی سیاسیی خۆی بە یەک شاند و یەکگرتووانە بەشداریی بکات.
رۆژی سێشەممە، 22ـی نیسان مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە راگەیەنراوێکدا 26ـی نیسانی بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە دەستنیشانکرد و دەستبەجێ ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا لە راگەیەنراوێکدا پێشوازیی لێکرد.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا "ئەنەکەسە" کۆنفرانسی یەکڕیزی هەڵوێستی کورد لە رۆژاوای بە پشتگیریی، سەرۆک مەسعود بارزانی و جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی ناو برد و هیوای خواست؛ "کۆنفرانسەکە ببێتە خاڵی وەرچەرخان بەرەو قۆناخێکی نوێی هاوکاریی بونیاتنەر لە نێوان حیزبەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کوردی".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.