Erbil 31°C پێنجشەممە 01 تشرینی یەکەم 02:31

ئەمڕۆ کۆنفرانسی یەکڕیزی نیشتیمانیی کورد لە رۆژاوا بەڕێوەدەچێت

کوردستان TV
100%

بڕیارە ئەمڕۆ بە بەشداری سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانی سووریا، کۆنفرانسی "یەکڕیزی هەڵوێستی کورد لە رۆژاوا" بەڕێوەبچێت و ئامانجیانە گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی بەشداریکردنی کورد لە حکومەتی داهاتووی سووریا بکەن و شاندێکی هاوبەش پێکبهێنن بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق.

 

ئەمڕۆ شەممە 26ـیی نیسان، لایەنە کوردستانییەکانی سووریا کۆنفرانسی یەکڕیزی هەڵوێستی کورد لە رۆژاوا بەڕێوەدەبەن کە ئەم کۆنفرانسە دوای گفتوگۆی نێوان سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی بڕیاری لێدرا و بەشێکی زۆر لە ئامادەکارییەکانی لە هەولێر ئەنجامدرا.

 

دوای رووخانی رژێمی بەعسی سووریا و دەستنیشانکردنی حکوومەتی راگوزەر لەو وڵاتە، هەوڵە کوردستانییەکان بۆ یەکڕیزیی و یەک هەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکانی سووریا دەستیپێکرد، بەو ئامانجەی کورد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق لەبارەی چارەنووسی سیاسیی خۆی بە یەک شاند و یەکگرتووانە بەشداریی بکات.

 

رۆژی سێشەممە، 22ـی نیسان مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە راگەیەنراوێکدا 26ـی نیسانی بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە دەستنیشانکرد و دەستبەجێ ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا لە راگەیەنراوێکدا پێشوازیی لێکرد.

  

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا "ئەنەکەسە" کۆنفرانسی یەکڕیزی هەڵوێستی کورد لە رۆژاوای بە پشتگیریی، سەرۆک مەسعود بارزانی و جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی ناو برد و هیوای خواست؛ "کۆنفرانسەکە ببێتە خاڵی وەرچەرخان بەرەو قۆناخێکی نوێی هاوکاریی بونیاتنەر لە نێوان حیزبەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کوردی".

 

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا دووپاتیکردەوە؛ "یەکڕیزیی هەڵوێستی کوردیی پێویستییەکی هەنوکەیی ونیشتیمانییە و هەنگاوێکی رژدە بۆ بەدیهێنانی هاوبەشیی راستەقینە لە داڕشتنی داهاتووی سووریایەکی دیموکرات و فرەلایەن".

 

بڕیارە لە کۆنفرانسەکەدا رەشنووسێک ئامادە بکرێت کە پێشتر لە چەند قۆناخدا پارتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کورد و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا لەسەری رێککەوتوون، ببێتە نەخشەڕێی سیاسیی کورد لە سووریا و دوای کۆتاییهاتنی کۆنفرانسەکە، شاندێکی هاوبەش بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی کاتیی سووریا پێکدێت و سەردانی دیموشق دەکەن.

 

بڕیارە 340 کەس لە کۆنفرانسی یەکڕیزی هەڵوێستی کورد نوێنەرانی؛ پارتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردی، پارتیی ئاشتیی دیموکراتی کوردستانی، پارتیی دیموکراتی پێشکەوتووی کورد لە سووریا، پارتیی ویفاقی دیموکراتی کوردی لە سووریا، پارتیی یەکێتی دیموکراتی کورد لە سووریا، بزووتنەوەی خۆبوون بکەن و نزیکەی 30 ئەندامی کۆنفرانسەکەش پێکدێن لە کەسایەتیی مەدەنی و نوێنەری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.