Erbil 31°C پێنجشەممە 01 تشرینی یەکەم 04:35

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئیتاڵیا دۆخی کوردستان و عێراقیان تاوتوێ كرد

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ پێنجشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە نیکۆلۆ فۆنتانا باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد.

لە دیدارێکدا پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و بره‌ودان به‌ هاوکاریی هاوبەش لە بوارەکانی ئابووری، کولتوور، پەروەردە و پاراستنی کەلەپووردا، تاوتوێ کران و جه‌ختیان له‌ بەردەوامیی هەماهەنگی لە بوارە جیاجیاکاندا کرده‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی ستایش و پێزانینی هه‌رێمی کوردستانی بۆ ڕۆڵی ئەرێنیی ئیتاڵیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و پشتگیریی بەردەوامی بۆ پێشمەرگە و پرۆگرامەکانی گەشەپێدان دەربڕی، هه‌روه‌ها جەختی لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاری و هاوبەشی لەگەڵ ئیتاڵیا لە کەرتە جیاوازەکاندا کردەوە.

لای خۆیەوە، باڵیۆزی ئیتاڵیا ڕایگه‌یاند که‌ وڵاته‌که‌ی به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ده‌ڕوانێت، هه‌روه‌ها ستایشی سەقامگیری و پێشکه‌وتنی لە هه‌رێمی کوردستان کرد و خواستی ئیتاڵیای بۆ فراوانکردنی هاریکاریی هاوبه‌ش له‌ هه‌موو بواره‌کاندا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان دووپات کرده‌وه‌.

دۆخی ناوچه‌که و دوایین پێشهاته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌ بوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.