Erbil 10°C چوارشەممە 16 نیسان 08:05

سەرۆک بارزانی: دەبێ هەموو دەرگا و دەرفەتەکان بۆ ئافرەت بکرێتەوە

کوردستان TV
100%

سەرۆک بارزانی لە یەکەم کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و رۆڵی ئافرەتی لە کوردستان بە هاوشانی رۆڵی پیاوان وەسفکرد و پێی راگەیاندن؛ بە تواناکانتان داهاتوو بنیات بنێن و ئێمەش پشتیوانتانین.

 

رۆژی یەکشەممە 13ـی نیسانی 2024، سەرۆک بارزانی لە یەکەمین کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان لە هەولێر گوتارێکی پێشکێشکرد و هانی ئافرەتانی دا لە هەموو بوارەکاندا رۆڵی بەرچاو ببینن و پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانیان دووپاتکردەوە.

 

سەرۆ مەسعود بارزانی رایگەیاند؛ "رۆڵی ئافرەتی کورد قەت لە رۆڵی پیاو کەمتر نەبووە، ئەگەر هەندێک جار زیاتریش نەبووبێت. لە شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان و لە شەڕی داعش رۆڵێکی زۆر بەرچاویان هەبووە" و ستایشی رۆڵی ئافرەتانی کوردی لە شەڕی داعش کرد و بە مایەی شانازی زانین.

 

یەکەم کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان لە هەولێر لەژێر دروشمی "بە تواناکانمان داهاتوو بنیات دەنێین" بەڕێوەدەچێت، سەرۆک بارزانی لەبارەی ئەو دروشمەی کۆنفرانسەکە هەڵیگرتووە گوتی؛ "منیش پێتان دەڵێم؛ بە تواناکانتان داهاتوو بنیات بنێن و ئێمەش پشتیوانتانین".

 

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سەرۆک بارزانی تیشکی خستە سەر رۆڵی ئەمڕۆی ئافرەتانی کوردستان و پەروەردە کردنی نەوەی نوێ و داوای لێکردن منداڵەکانیان بە هەستی نیشتمانپەروەری و خۆشەویتی خاک پەروەردە بکەن و دووپاتی کردەوە؛ "مرۆڤ ئەگەر خاکی نەبوو، سەرگەردانە، بێ قیمەتە و کەسیش قەدری نازانێت. خاکیش ئەگەر میلەتێکی لەسەر نەبێت هیچ مانایەکی نابێت، لەبەر ئەوە مرۆڤ و خاک پێکەوە بەستراونەتەوە".

 

سەرۆک بارزانی گوتی؛ ناحەزانی گەلی کوردستان زۆر هەوڵیاندا گەنجەکانمان بە لاڕێدا ببەن، مرۆڤ ئەگەر وەلای بۆ گەل و نیشتمانی نەبوو، قیمەتی نامێنێت و سەرگەردان دەبێت، ئەو شەڕەی کە لەو رێگەیەوە لەگەڵ ئێمەیان کرد، بە لای منەوە زۆر مەترسیدارتر و گەورەتر بوو لە شەڕی تانک و فڕۆکە" و داوای لە خانمانی بەشداربوو لە کۆنفرانسەکە کردلەم بوارەدا "هیمەتێکی زۆر گەورە بکەن" و پێی راگەیاندن: "بچنە ناو کۆمەڵگا و دایکان تێبگەیەنن کە ئەمە مەترسییەکی گەورەیە رووبەڕوومان بووەتەوە"

 

 

 

دەقی گوتاری سەرۆک بارزانی لە یەکەم کۆنفرانسی ئافرەتانی کوردستان

 

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

خوشكان و كچانی بەڕێز،

ئامادەبوانی بەڕێز،

زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بەشدار دەبم لەگەڵ ئێوە لە یەكەم كۆنفرانس بەم شێوەیە، ئومێدەوارم كە ئەنجامەكانیشی لە ئاستی ئەو تەوەقوعاتە بێت كە هەموومان پێشبینیمان كردووە و ئەمە دەستپێكێك بێت بۆ لەمەودواش، من پێموایە ئەمە چالاكییەكی زۆر زۆر لە جێی خۆیەتی و ئینشائەڵا سەركەوتوو دەبێت.

مومكینە ببێتە دووبارە كردنەوە بەڵام پێویستە مرۆڤ بیڵێت، من جارێكی تریش دەیڵێمەوە كە ڕۆڵی ئافرەتی كورد قەت لە ڕۆڵی پیاو كەمتر نەبووە، ئەگەر هەندێكجار زیاتریش نەبێت. لە شۆڕشی ئەیلوول، لە شۆڕشی گوڵان، لە شەڕی داعش، رۆڵێكی زۆر زۆر بەرچاویان هەبووە، بە تایبەتی لە شۆڕشی گوڵان، دایك بوو، مامۆستا بوو، جووتیار بوو، هەروەك گوێم لە وتارەكەی خۆم بوو كە نازانم لە چ موناسەبەتێك بووە، بەڵام حەقیقەت وایە. ئینجا دەبوایە پێش ئەوەی دونیا رووناك ببێتەوە منداڵەكانیان ببەن بۆ بن بەردێك، بۆ بن ئەشكەوتێك لە ترسی ئەوەی فڕۆكە بۆمبارانی گوندەكەیان نەكات و چەندین جاریش وابووە كە دایكێك بە منداڵیەوە شەهید بوون. نانی پێشمەرگە، دیسان لەسەر ئافرەتی كورد بوو. ئەو پێشمەرگەیەی كە لە جەبهە بوو، دڵنیا بوو كە دایكی یان خێزانی، یان خوشكی چاوی لە منداڵەكانیەتی و نانی ئەویش دیسان مسۆگەرە، بۆیە هەرچی باسی ئافرەتی كورد بكرێت، كەمە. لە شۆڕشی گوڵانیش هەمان شت، نموونەشمان زۆرن، وەكوو دایكە ئامینە، دایكە حەلیمە، دایكە عائیشە. لە شەڕی داعشیش كچەكانمان ئەوەندە ئازابوون كە جێی شانازی بوون بۆ ئێمە، لە چەندین جار خۆیان تووشی شەڕ بوون، یان كە داعش هجوومی هێنا بۆ ئەو شوێنەی كە ئەوان لێی بوون، شەڕێكی زۆر قارەمانانەیان كرد.

من زۆر خۆشحاڵم كە دەبینم ژمارەیەكی زۆر لە ئافرەتان، لە زانكۆ، لە پەیمانگا، لە زۆر بواری تر و لە زۆر شوێنی تریشدا رۆڵێكی بەرچاویان هەیە. پێویستە لە هەموو بوارەكان، ئافرەتی كورد رۆڵی خۆی ببینێت.

ئێوە درووشمتان جوانە (بە تواناكانمان داهاتوو بنیات دەنێین)، منیش پێتان دەڵێم بە تواناكانتان داهاتوو بنیات بنێن، ئێمەش پشتیوانتانین.

بۆ یەكەمجار لە عێراق، كە ئافرەتێك لەسێدارە بدرێت، ئەویش كچێكی كورد بوو كە بوو بە سیمبوولی تێكۆشان و بەرخودان و خۆنەچەماندن، ئەویش لەیلا قاسم. چوونە لای و پێیان گوت نامەیەك بنووسە بۆ ئەحمەد حەسەن بەكر، داوای عەفو بكە، تۆ كچی و ئافرەتی، عەفوت دەكەین، گوتی ئێوە لەوە كەمترن من نامەی عەفو بۆ ئێوە بنووسم، من داوای عەفو لە میللەتی خۆم دەكەم.

نموونە زۆر زۆرن، نموونەی ئافرەتی كورد، بەڕاستی هەر ئەو پێشمەرگە قارەمانانەش پەروەردەی دەستی ئەو شێرە ژنانە بوون، ئێستاش ئەركێكی زۆر گەورە و زۆر پیرۆز لەسەر شانی ئێوەیە، پەروەردەكردنی ئەم نەوەیەی نوێ، بەداخەوە ناحەزانی گەلی كوردستان زۆر هەوڵیان دا كە گەنجەكانمان بەلاڕێدا ببەن. ئینسان ئەگەر وەلای بۆ گەل و نیشتمانی نەبوو، بەهای نامێنێ، سەرگەردان دەبێ. ئەو شەڕەی كە لەو ڕێیەوە لەگەڵ ئێمەیان كرد، بە لای منەوە زۆر زۆر خەتەرتر و گەورەتر بوو لە شەڕی تانك و فڕۆكە و تەنانەت كیمیاوی و ئەنفال. كاتێك گەنجێك پەروەردە كرا و گەورە بوو، هیچ وەلای بۆ خاكی خۆی نەبوو، بۆ كوێ دەڕوا؟ مرۆڤ ئەگەر خاكی نەبوو، سەرگەردانە، بێقیمەتە، كەس قەدریشی نازانێت. خاكیش ئەگەر میللەتی لەسەر نەبێت، هیچ مانایەكی نامێنێت، لەبەر ئەوە مرۆڤ و خاك پێكەوە بەستراون. من داواتان لێ دەكەم لە هەموو بوارێكدا ڕۆڵی خۆتان ببینن، بەڵام لەم بوارەدا دەبێت هیممەتێكی زۆر گەورە بكەن، بچنە ناو كۆمەڵگە، دایكان تێبگەیەنن كە ئەمە خەتەرێكی گەورەیە رووبەڕووی ئێمە بۆتەوە و بەداخەوە تا ئاستێكی زۆریش كاریگەریی خۆیشی كردبوو، ئێستا باشترە. ئێمە خۆشحاڵین كە بینیمان لەم ماوەیەی دواییدا هۆشیارییەكی نەتەوەیی لەسەر ڕێگەیەكی راست دەبیندرێ، لە ئەورووپا، لەناو كوردستان. ئەمە جێی خۆشحاڵییە و ئومێدەوارین ئینشائەڵا ئەمە بەردەوام بێ و بەرەو زیاتریش بڕوات.

بە نسبەت ئەهمیەتی ئافرەت و مافی ئافرەت، بۆ ئێمە شتێكی زۆر زۆر پیرۆزە، چونكە پێش 120ساڵ، شێخی شەهید، شێخی گەورە، شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و لە دوای ئەویش جەنابی شێخ ئەحمەد، بەردەوام بوون لەوەی كە مافی ئافرەت دەبێ پارێزراو بێت، ئیحترامی ئافرەت دەبێ پارێزراو بێت. ئەمە یەكێك بوو لەو هۆكارانەی كە بارزان و تەریقەی بارزان زۆر بەرەوپێش ڕۆیشت، چونكە بەهیچ شێوەیەك ئەو هەندێك دابونەریتی كە جاران هەبوو، بەداخەوە ئێستاش لە هەندێك شوێن ماوە، بەزۆر بەشوودانی كچ، ئەمە شتێكی ئەوپەڕی تاوانە بەڕای من، دەبێ ئارەزوومەندانە بێت كچ و كوڕ. مەجال بە ئافرەت درا رۆڵی خۆی ببینێت، ئافرەت هەستی بە هەبوونی خۆی كرد. بۆیە ئێمە سەربەرزین كە دەبینین ئەو بناغەیە 120ساڵ پێش ئێستا لە بارزان، ئەو مەسەلەی رێزگرتن لە ئافرەت و رۆڵی ئافرەت و ئەهمیەتی ئافرەت هەر لەو وەختەوە لەوێ ئەو بناغەیەی بۆ دانرابوو، بۆ ئێمە جێگەی سەربەرزی و شانازییە.

سبەینێ ڕۆژی ئەنفالە، سەدەها و دەتوانم بڵێم هەزارەها دایك لەگەڵ منداڵی زیندەبەچاڵ كران. ئێمە سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاكی هەموو ئەو شەهیدانە و بە تایبەتی ئەو دایكانەی بە منداڵەوە زیندەبەچاڵ كران و ئەو چەند گۆڕە بەكۆمەڵەی كە دۆزرانەوە، چەندین جار بینیمان كە دایك لەگەڵ منداڵەكەی پێكەوە شەهید كراون. موهیم ئەوەیە كە دەبێت خەبات بەردەوام بێت، نابێت خۆمان بچەمێنین، دەبێ هەموو دەرگایەك و هەموو مەجالێك بۆ ئافرەت بكرێتەوە بۆ ئەوەی بە باشی رۆڵی خۆی ببینێت، من دڵنیام كە دەتوانن رۆڵی خۆتان ببینن.

من جارێكی تریش تەئكید دەكەمەوە، ئێوە شیعارەكەی خۆتان جێبەجێ بكەن، ئێمەش لە پشتی ئێوەین بە هەموو توانایەك.

من نامەوێ زیاتر وەختی ئێوە بگرم، تەمەننای سەركەوتن دەكەم بۆ كۆنفرانسەكەتان و سەركەوتوو بن.

زۆر سوپاس...

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.