سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانیان تاوتوێکرد.
ڕۆژی شەممە 12ی نیسانی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ كرد.
بارەگای بارزانی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و ناوچەكە كرا، هەروەها جەختیش لە هەماهەنگیی نێوان لایەنە عێراقییەكان بۆ تێپەڕاندنی قەیران و ئاڵنگارییەكان و چارەسەریی كێشەكان كرایەوە".
پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەری تری دیدارەکەی نێوان سەرۆک بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی بوون.
کاتژمێر 10:30 خولەکی ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی گەیشتە هەولێر و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ مەسرور بارزانی کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی کۆمەڵێک پرسی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان و عێراق بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.