لە دوو رۆژی رابردوو تەرزەیەکی زۆر لە سنووری ئیدارەی سۆران باری و زیانێکی زۆری بە باخدارانی ناوجەکە گەیاند، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سۆرانیش دەڵێت، زیانەکان هەڵدەسەنگێنین و بۆ قەرەبووکردنەوەیان راپۆرتێک رەوانەی هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق دەکەین.
رۆژی یەکشەممە 6ـی نیسانی 2024 کامەران حوسێن مامەند، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران بە دیجیتاڵ میدیای کوردستان تی ڤی راگەیاند؛ "سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانمان ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی زەرەر و زیانەکان بخەمڵێنن و بۆمان بنێرنەوە".
بڕیاربوو سبەی ژووری رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سۆران کۆببێتەوە و زەرەر و زیانەکانی وشکەساڵی لەو ناوچەیە هەڵسەنگێنێت و بە راپۆرتێک رەوانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بکات، کامەران حوسێن دەڵێت: "بابەتی زیانەکانی تەرزەی دوو رۆژی رابردووشمان خستووەتە نێو ئەجێندای کۆبوونەوەکەمان".
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سۆران، زیانەکانی تەرزە بارینەکەی دوو رۆژی رابردوو تەنیا بەر باخداران کەوتووە و زیانێکی ئەوتۆی لە دەغڵودانی جووتیاران نەداوە و دەشڵێت: "لە رێگەی سیستمی جی ئائ ئێسەوە رووپێوی دەکەین و دەزانین قەبارەی زیانەکان چەندە".
وەکو ئاماژەشی پێدەدات؛ "سبەی لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتی کۆتایی لەسەر قەبارەی زیانەکە ئامادە دەکرێت و دواتر هاووڵاتییان و میدیاکانی لێ ئاگادار دەکەینەوە".
دوێنێ لە سۆران تەرزەیەکی بەخوڕ باری و بەدەر لە زیانە کشتوکاڵییەکان، زیانێکی زۆریش بەر ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان کەوت و جامی دەیان ئۆتۆمبێل شکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.