Erbil 1°C شەممە 22 شوبات 23:47

عێراق.. مەترسییەكە لە لووتكەیە و ماددە هۆشبەرەكان گەیشتوونەتە نێو قوتابخانە و فەرمانگەكانی حكوومەت

کوردستان TV
100%

بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر لە عێراق گەیشتۆتە ئاستێك ئیتر رووبەڕووبوونەوەی زەحمەت بێت، بەشێوەیەك كە ئێستا لەنێو قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندن و فەرمانگەكانی حكوومەت بە ئاشكرا دەكێشرێ و مامەڵە و بازرگانی پێ دەكرێت.

زۆربوونی حاڵەتەكانی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر، وای لە حكوومەتی عێراق كردووە سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەرانی دەوڵەت بەناچاری پشكنینی ماددەی هۆشبەر ئەنجام بدەن، ئەم بڕیارەش لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دەنگۆیەكی گەورەی دروستكردووە و ناڕەزایەكی زۆری لێ كەوتۆتەوە.

ئەنجامدانی پشكنینی بەزۆری ماددەی هۆشبەر بووەتە هۆكاری ئەوەی بەشێكی زۆر لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە رەخنەی توند بگرن و ئەنجامدانی پشكنینە رەت بكەنەوە، لەمبارەیەوە كەریم سەید گوتەبێژی وەزارەتی پەرەوەردەی عێراق رایدەگەیەنێت، بڕیاری ئەنجامدانی پشكنینی بەزۆری ماددەی هۆشبەر لەلایەن وەزارەتەكەیان دەرنەكراوە و بەڵكو لەلایەن لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەركراوە.

راشیگەیاند: بەگوێرەی بڕیارەكە نەك تەنیا مامۆستا و فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، بەڵكو دەبێت سەرجەم فەرمانبەرانی حكوومەت پشكنینی ماددەی هۆشبەر ئەنجام بدەن.

لەلایەكی دیكەوە بەشێك لە چالاكوانان ئاشكرای دەكەن كە لەنێو حكوومەتی عێراق بەرپرسی باڵا و لایەنی جێبەجێكار هەن مامەڵە و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەكەن، هەروەها بەم دواییانە حاڵەتی زۆر لەنێو قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندنیش بینراوە و دەستگیركراون.  

ئاماژە بەوەش دەكەن كە نەبوونی سزایەكی قورس بەرامبەر بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، وای كردووە رۆژ بەرۆژ بەكارهێنان و فرۆشتنی ئەم ماددانە لە عێراق روو لە زیادبوون بكەن.

یاسر ئەلحوسێنی ئەندامی لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەمبارەیەوە دەڵێت: بەرپرس و فەرماندەی باڵا هەن تێوەگڵاون بە بەكارهێنان و بازرگانیكردنی ماددەی هۆشبەر بە ئامانجی دەستكەوتی سیاسی و ماددی، هەندێك جاریش بە مەبەست ئەم كار دەكەن بۆ لاوازكردنی كۆمەڵگەی عێراقی.

هەروەها دەڵێت: ئێستا وای لێ هاتووە هەڕەشەی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە عێراق گەیشتۆتە ئاستێك یەكسان بووە لەگەڵ هەڕەشەی تیرۆر.

ئەندامەكەی پەرلەمان داوای لە حكوومەتی عێراق كرد پلانەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر بگۆڕێت و بەدوای یاریكەرە گەورە و بازرگانە سەرەكییەكان بگەڕێت نەك ناوەناوە بازرگانێكی بچووكی ماددەی هۆشبەر بگرێت و بیكاتە دەستكەوت.

بەم دواییانەش وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێنج ناوەندی دیكەی چارەسەری تووشبووانی ماددەی هۆشبەری لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكە كردەوە، ئێستاش كار لەسەر كردنەوەی گەورەترین بنكە لە دەشتی نەینەوا دەكرێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.