Erbil 1°C شەممە 22 شوبات 23:40

لە بەغدا بەهۆی مەڕاسیمی بەخاكسپاردنی حەسەن نەسڕوڵا رۆژێك كرایە پشوو

کوردستان TV
100%

پارێزگاری بەغدا بەفەرمی رۆژی یەكشەممەی داهاتووی كردە پشوو بەهۆی بەڕێوەچوونی مەڕاسیمی بەخاكسپاردنی حەسەن نەسڕوڵا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان.

پارێزگای بەغدا بڵاوی كردەوە: لەسەر داوای ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، رۆژی یەكشەممەی داهاتوو لە تەواوی دامودەزگاكانی حكوومەت لە بەغدا پشووی فەرمی دەبێت، بەهۆی بەڕێوەچوونی مەڕاسیمی بەخاكسپاردنی حەسەن نەسڕوڵا و هاشم سەفیەدین ئەمیندارانی گشتی پێشووی حزبوڵای لوبنان كە لەم رۆژەدا بەڕێوەدەچێت.

حەسەن نەسڕوڵا ئەمینداری گشتیی پێشووی حزبوڵا لە رۆژی 27ی ئەیلوولی پارساڵ لە بۆردومانێكی سوپای ئیسڕائیل لە بەیرووت كوژرا، بەڵام ئەو كات بەهۆكاری كێشەی ئەمنی بە نهێنی و بەشێوەیەكی كاتی لە شوێنێكی نادیار بەخاكسپێردرا.

دوای كوژرانی حەسەن نەسڕوڵا، لەلایەن حزبوڵاوە هاشم سەفیەدین بە ئەمینداری گشتیی هەڵبژێردرا، دوو رۆژ بەرلەوەی بەفەرمی ببێتە ئەمینداری گشتی، لە سەرەتای تشرینی یەكەمی پارساڵ ئەویش بەهەمانشێوە لە بۆردومانێكی سوپای ئیسڕائیل كوژرا.

نەعیم قاسم ئەمینداری گشتیی حزبوڵا لە سەرەتای ئەم مانگەدا رایگەیاندبوو كە رۆژی 23ی ئەم مانگە بە ڕێوڕەسمێك هەردوو ئەمینداری گشتی پێشووی حزبوڵا بەخاك دەسپێردرێن، حەسەن نەسڕوڵا لە باشووری بەیرووت بە خاك دەسپێردرێ، بەڵام هاشم سەفیەدین لە شوێنی لەدایكبوونی لە باشووری لوبنان بەخاك دەسپێردرێ.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.