Erbil 7°C سێشەممە 04 شوبات 21:52

وەزیری نەوتی عێراق: رێكارەكانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە

کوردستان TV
100%

وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرای كرد كە دەستیان بە رێكارەكان بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا كردووە.

حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بۆ ئاژانسی دەنگوباسی عێراق گوتی: وەزارەتەكەمان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە رێكارەكان كردووە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی سۆمۆ.

گوتیشی: چەند رێكارێك هەیە پێویستە لەگەڵ حكوومەتی توركیا ئەنجام بدرێت بۆ ئامادەكردنی بۆڕی گواستنەوە و دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان.

وەزیری نەوت هەروەها گوتی: بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی كراوە نابێت رۆژانە كەمتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكرێت.

لێدوانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەكاتێكدایە كە دوێنێ یەكشەممە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، دەنگ بە هەمواری یاسای بودجەی فیدڕالی ژمارە 13ی ساڵی 2023 درا.

لە بڕگەی 12ی یاساكەدا ئاماژە بەوەدراوە كە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەست پێ دەكاتەوە، هەروەها بڕی تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتیش لە هەرێمی كوردستان بە 16 دۆلار دیاریكراوە.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.