Erbil 22°C دووشەممە 21 نیسان 01:33

شەپۆڵێكی بارانبارین روو لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە

کوردستان TV
100%

شارەزایەكی كەشناسی رایدەگەیەنێت، پێشبینی دەكرێت شەپۆڵێكی بارانبارین روو لە هەرێمی كوردستان بكات و بارانێكی باش ببارێت، بەشێوەیەك كە زەوییە کشتووکاڵییە دێمەکارەکان تێر ئاو ببن و مەترسی وشکەڵی کەمتر ببێتەوە و هەروەها ڕێژەی ئاوی ڕووبار و کانیاوەکان زیاد ببێت.

هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی رایگەیاند: لە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتووەوە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری بارستە هەوایەکی زەبەلاحی سارد و شێدار، درەنگانی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە کاریگەری شەپۆڵەکە فراوانتر دەبێت و شەپۆڵێکی بارانی سەرتاسەری دەست پێ دەکات.

راشیگەیاند: بارانبارینەكە هەریەك لە ناوچەكانی دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و مووسڵ و هەولێر و ناوچەکانی شەمامک و گوێڕ و دیبەگە و کەندیناوە و قەراج و مەخموور و سەڕگەڕان و تەواوی پارێزگای کەرکووک وگەرمیان و سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و سۆران و کۆیە و دەوربەری دەگرێتەوە.

هەروەها رایگەیاند: پێشبینی دەکرێت لە هەندێك ناوچە رێژەی بارانبارین بگاتە (30-40) ملم و تەنانەت لە هەندێك ناوچە ڕێژەکە لەوەش زیاتر ببێت .

شارەزاكەی كەشناسی گوتیشی: لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆڵە بارانبارینە، پلەکانی گەرما دابەزینی بەرچاو بەخۆیانەوە دەبینن و لە هەندێك شوێن پلەكە دەچێتە ژێر سفری سیلیزییەوە.

جەختیشی كردەوە كە کاریگەری ئەم شەپۆڵە بۆ ماوەی 72 کاتژمێر بەردەوام دەبێت و لە ئێوارەی رۆژی هەینی بەرەو لاوازبوون دەچێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.