Erbil 25°C شەممە 19 نیسان 12:41

شاندێکی وەزارەتی شەهیدان لەگەڵ سەرۆکی ئەکادیمیایی نێودەوڵەتیی پڕەنسیپەکانی نۆرنبێرگ کۆبووەوە

کوردستان TV
100%

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەسەر بانگهێشتی فەرمی ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی پڕەنسیپەکانی نۆرنبێرگ لەگەڵ سەرۆکی ئەکادیمیای ناوبراو لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆبوونەوە.

شاندەكەی وەزارەتی شەهیدان پێكهاتبوون لە راوێژکاران کامەران عەبدوڵا و محەمەد خدر و بەڕێوەبەرانی گشتی ئەدیب لەتیف و سیروان عزیز و کەریم کاوە، و هەروەها سەرۆکی سەنتەری کەی جی لۆبی ئاورینگ شاوەیس.

کۆبوونەوەکە کە لە بارەگای مێژوویی دادگای سەرانی نازی لە نۆرنبێرگ بەڕێوەچوو، پاش چەندین دیدار و کۆبوونەوە دێت کە لە دوو ساڵی پێشوودا وەزارەت بە مەبەستی ناساندنی جینۆسایدی کورد لەگەڵ ئەکادیمیایی ناوبراو دایمەزراندووە لە چوارچێوەی پلانی وەزارەت بۆ ناساندنی کەیسەکانی جینۆسایدی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

لە میانەی کۆبوونەوەکەدا شاندی وەزارەت دوو داوای ئاراستەی سەرۆکی ئەکادیمیای ناوبراو کرد، یەکەمیان بریتی بوو لە هاوکاریکردنی وەزارەت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی گوشاری یاسایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی جینۆسایدی کورد لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە، داواکاری دووەمیان بریتی بوو لە تەرخانکردنی یەکێک لە دیدارەکانی ئەکادیمیا بۆ پرسی جینۆسایدی کورد.

ئەکادیمیای ناوبراو ساڵانە لە مانگی ئۆکتۆبەر بۆ ماوەی سێ رۆژ دیدارێکی نێودەوڵەتی رێک دەخات تایبەت بە پرسەکانی جینۆساید و تاوانە نێودەوڵەتییەکان.

سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر داواکانی وەزارەت، سەرۆکی کەی جی لۆبی سەنتەر پرسی دووبارە روودانەوەی جینۆسایدی دژ بە کورد وڕوژاند و رەشنووسێکی بۆ دیداری چاوەڕوانکراوی ئەکادیمیا لەسەر پرسی جینۆسایدی کورد پێشکەش بە سەرۆکی ئەکادیمیا کرد.

سەرۆکی ئەکادیمیای نێودەوڵەتی پڕەنسیپەکانی نۆرنبێرگ پڕۆفیسۆر کریستۆف زافەرلینگ، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی وەزارەت، تێگەیشتنێکی باشی لەگەڵ داواکانی شاندەکە پیشان دا و پەیمانی دا کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا کار لەسەر داواکارییەکان دەکات و جەختی لەسەر درێژەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە.

لەسەر داوای شاندی وەزارەت و بۆ بەدواداچوون بۆ پرسی جینۆسایدی کورد، شاندەکە بانگهێشتی سەرۆک و ستافی ئەکادیمیایان کرد بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرسی جینۆسایدی کورد، کە لەلای خۆیانەوە رەزامەندی و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەم بانگهێشتە.

ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی پڕەنسیپەکانی نۆرنبێرگ یەکێکە لە دەزگا گرینگەکانی بواری یاسای نێودەوڵەتی و جینۆساید و تاوانە نێودەوڵەتیەکاندا، لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا دامەزرێندراوە و پشتیوانی دەکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.