Erbil 6°C ھەینی 24 کانوونی دووەم 01:32

سه‌رۆك بارزانی: پێویستە لایەنە كوردییەكانی سووریا پێكەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن

سەرۆك بارزانی پێشوازی وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەكات
100%


ڕۆژی پێنجشەممە 23ی كانوونی دووەمی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز تۆبیاس لیندنەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و ڕێكخەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ كاروباری سووریا و شاندێكی یاوەری كرد.

لەدیدارەكەدا هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی و دواپێشهاتەكانی ناوچەكە و سووریا و هەروەها مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و ڕۆڵی لایەنە كوردییەكانی سووریا لە ئاییندەی ئەو وڵاتە و پێویستیی پاراستنی سەقامگیری و پشتبەستن بە شێوازی ئاشتیانە و دیالۆگی نێوان لایەنەكان كرا. 

پەیوەست بە ئایندەی كورد لە سووریا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی خەبات و نەهامەتیەكانی گەلی كورد لە سووریا جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە لایەنە كوردییەكانی سووریا پێكەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و بە ئاشتی و دیالۆگ گرفتەكان چارەسەر بكەن، هەروەها سیستەمی سیاسیی نوێی سووریا تێگەیشتنی بۆ بارودۆخی گەلی كورد و داواكاری و ماف و تایبەتمەندیی گەلی كورد هەبێت.

هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی هەرێم و پڕۆسەی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێم ئاڵوگۆڕ كرا و وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بەڕێوەچوونی ئارامی هەڵبژاردن و ڕێژەی بەرزی بەشداریی هاووڵاتیانی هەرێم لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی لە ئۆكتۆبەری ڕابردوو بە سەركەوتوو و نموونەیی وەسف كرد.

هەر لەو دیدارەدا جەخت لە پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی كوردستان و ئەڵمانیا كرایەوە و سەرۆك بارزانی سوپاسی حكوومەت و گەلی ئەڵمانیای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون. 

شاندی میوانیش ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە ئەڵمانیا پشتیوانی گەلی كوردستانە و لە هەموو بارودۆخێكدا لەگەڵ حكوومەتی هەرێمدا لە هەماهەنگیدا دەبێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.