Erbil 5°C چوارشەممە 22 کانوونی دووەم 22:56

مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی: هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعسی هەڵوەشاوە، هەنگاوێکی گرنگ و پێویست بوو

100%


مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاندراوێكی لە بارەی دەنگدان و پەسەندکردنی (یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعسی هەڵوەشاوە) بڵاو كردەوە و له‌ به‌شێكی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا رایگه‌یاندووه‌،هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعسی هەڵوەشاوە، هەنگاوێکی گرنگ و پێویست بوو، چاوەڕوانیمانه‌ لە حکوومەتی فیدراڵ کە لە گرتنەبەری ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، ساردی نەنوێنن و ڕۆڵی خۆیان ببینن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان:

دەنگدان و پەسەندکردنی (یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعسی هەڵوەشاوە) لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ و گەڕاندنەوەی زەوی و زارە زەوتکراوەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان هەنگاوێکی گرنگ و پێویست بوو.

بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە نوێنەرانی پارتیمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەین کە ڕۆڵی کوردستانیانە و نیشتمانیانەیان بینی، هەروەها دەستخۆشی و پێزانینمان ئاراستەی ئەو هێز و لایەنانە دەکەین کە ڕۆڵیان هەبوو لە تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژە یاسایە بە ئامانجی  گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف و چارەسەرکردنی غەدرێکی دەیانساڵە کە بەرامبەر کورد و تورکمانی شاری کەرکوک کراوە.

هیوادارین ئەو هەنگاوە هاندەری زیاتر قوڵکردنەوەی گیانی یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پتەوکردنی بنەماکانی بنیاتناوەی عێراقی نوێ بێت و، چاوەڕوانیشمان لە حکومەتی فیدراڵ و دامودەزگا پەیوەندارەکان هەیە کە لە گرتنەبەری ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، ساردی نەنوێنن و ڕۆڵی خۆیان ببینن. 

مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
22ی1ی2025

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.