ڕۆژى یەكشەممە 12كانوونى دووهمى2025، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ژمارەیەكی ديكه لە وەزیر و ڕاوێژكار و بەرپرسانی حكومی و ئاژانس و دیپلۆماتكارانی وڵاتان و بەڕێوەبەرانی گشتیی گەشتوگوزار لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان و كۆمپانیا ناوخۆییەكان، ڕێوەڕەسمی پەرەپێدانی دامەزراوە گەشتیارییەكان بەڕێوەچوو.
ڕێوڕەسمی پەرەپێدانی دامەزراوە گەشتیارییەكان بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەی دەستەی گەشتوگوزار بە هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان (UNDP) و ئاژانسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا (USAID) و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی گەشتوگوزار لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان تایبەت بە كۆتاییهاتنی خولێكی تواناسازی بۆ زیاتر لە ١٥٠گەنج و ئافرەت لە بواری بازاڕی كاری دەستی و خستنەڕووی كارە دەستییەكان ڕێكخرا، كە تێیدا ڕاهێنراوانی خولەكە بەرهەم و كارە دەستییەكانیان نمایش كرد و هاوكات كورتە ڤیدیۆیەكیش لەبارەی گرنگيی خولەكە پێشكەش كرا و داهاتی پێشانگەكەش وەك هاوكاری و پاڵپشتییەك دەبەخشرێتە نەخۆشانی شێرپەنجە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێوڕەسمەكەدا گوتارێكی پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر گرنگیی ئەم جۆرە خولانە، بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار و پاڵپشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشی بۆ دەستەی گەشتوگوزار و سەرجەم دامەزراوە گەشتیارییەكان دووپات كردەوە، هاوكات سوپاسی ڕێكخراو و ئاژانسە بیانییەكانی كرد، كە پاڵپشت و هاوكاربوون بۆ بەڕێوەبردنی ئەو خولە چەندڕۆژییەی تایبەت بە بازاڕی كاری دەستی بۆ زیاتر لە 150ئافرەت و لاو لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان كرایەوە.
ساسان عەونی سەبارەت بە ژمارەی سوودمەندبووانی خولەكە ئاماژەی بەوە كرد كه زیاتر لە 150 كەس لەو پرۆگرامە سوودمەندبوون و هیوایشی خواست بەردەوامی هەبێت و گوتیشی: پشتگیریی تەواوی ئەو دەستپێشخەرییە دەكەین بۆ ئەوەی ئافرەتان و لاوانی كوردستان بتوانن بچنە ناو بازاڕی كاری دەستییەوە، بۆ وەرگرتنی سوودی ئابووری و هاوڕێبوونیان لەگەڵ كەرتی گەشتوگوزاردا.
سەبارەت بە ڕوانگە و بایەخدانەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كەرتی گەشتوگوزار، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بە هەوڵە بەردەوامەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەت و دیدگای مەسرور بارزانی، سهرۆكى حكومهتى ههرێمى كوردستان بە كەرتی گەشتوگوزار كرد، بۆ هەوڵدان بە مەبەستی ئەوەی ببێتە كۆڵەگەیەكی گرنگ بۆ داهات و سەرچاوەی ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان، بە سوودوەرگرتن لە ڕەگەزە گرنگەكانی سروشت و مێژوو و شوێنەوار و بوارەكانی تر، بۆ بەرەوپێشبردنی سێكتەری گەشتوگوزار.
ههروهها وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لهوهش كردەوە لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەی گەشتوگوزار چەندین چاكسازی و كاری جدی بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی گەشتوگوزار كراون، وەكوو دروستكردن و چاككردنی ڕێگەوبان و كاراسانی زۆر بۆ دامەزراوەكان و چاكسازی لە یاسا و ڕێنماییەكان و دروستكردنی دامەزراوەی گەشتیاری و بایەخدان بە براندە جیهانییەكان بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان.
دواتر پێشانگەیەكی تایبەت بە نمایشكردنی بەرهەم و كاری دەستيی ڕاهێنراوانی خولەكەی سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان كرایەوە و تێیدا سوودمەندبووانی پرۆگرامەكە بەرهەم و كارە دەستییەكانیان نمایش كرد، كە داهاتهكهى دەبەخشرێتە نەخۆشانی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.