بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە پرسی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و هەڵگرانی بروانامە باڵاکان و دەرچووانى زانکۆکان، وەزیرى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان لەگەڵ سەرۆکى ئەنجوومەنى ڕاژەى عێراق کۆبۆوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا پێشوازی کرد لە مەحموود محەمەد عبد سەرۆکى ئەنجوومەنى ڕاژەى حکوومەتى عێراق و وەفدێکى یاوەرى.
وەزیرى خوێندنى باڵا کورتەیەکى لەبارەى پرسە هاوبەشەکانى نێوان هەردوولا پێشکەش کرد کە بریتى بوون لە: دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى سەر ئاستى بەش و کۆلێژەکان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستانن و دامەزراندنى هەڵگرانى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆرا لە هەرێمى کوردستان و دەرچووانى زانکۆکان.
سەرۆکى ئەنجوومەنى ڕاژەى حکوومەتى عێراق ڕایگەیاند: هەماهەنگیمان لەگەڵ حکوومەتى هەرێمى کوردستان، دەمانخاتە سەر ڕێچکەى چارەسەرى زۆرێک لەو بابەت و پرسە هاوبەشانەى لەنێوان هەردوولادا هەیە و پێویستیان بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن هەیە بەمەبەستى خزمەتکردنى بە دەرچووانمان و سوودوەرگرتن لە توانا و پسپۆڕییەکانیان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا ڕێکارە یاسایی و کارگێری و تەکنیکییەکانى نێوان هەردولا خێراتر بکرێن، بۆ ئەم مەبەستەش کاری هەوبەشی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی بنەماکانی شەفافییەت و هەلی یەکسان و دادپەروەردا دەرفەتی کار بۆ گەنجانی وڵاتەکەمان بڕەخسێنرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.