بەربژێری سەرۆکی ھەڵبژاردراوی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاسایشی نەتەوەی، مایک واڵتز ڕایگەیاند کە پێویستیان بە بوونی سەربازیی لە سووریا، نییە.
مایک واڵتز لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەدا، دۆخی تیرۆریستانی داعش و سنوورەکانی ئیسرائیل ئەو پرسە گرنگانەن کە ئەمریکا لە سووریا لەبەرچاویان دەگرێت.
ناوبراو بەرگریی لەو سیاسیەتەی دۆناڵد ترەمپ کرد کە لە خولی پێشووی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەبارەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پەیڕەوی کردووە و گوتی: "دۆناڵد ترەمپ لە خولی پێشووی سەرۆکایەتی ئەمریکا، سیاسەتێکی ڕاست و دروستی لەبارەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پەیرەو کردووە".
گوتیشی: سەرۆک ترەمپ بە تەواوی ڕاست دەکات و سوورە لەسەر ئەوەی کە ئێمە نەچینە ناو شەڕەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە، ئێمە پێویستمان بە بوونی سەربازیی لە سووریا نییە، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە گرنگی دان بە پرسی داعش و سنووری ئیسرائیل، ھەروەھا ھەوڵدەدەین پەیوەندیی و ھاریکارییەکانمان لەگەڵ ھاوپەیمانانمان لە کەنداو فراوانتر بکەین.
مایک واڵتز بانگەشەی ئەوەی کرد کە بزووتنەوەی حەماس ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر بە تەنھا ماوەتەوە و داوای کرد کە بەدیلگیراوە ئیسرائیلی و ئەمریکییەکان لە غەززە ئازاد بکرێن.
ڕاشیگەیاند دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە حووسییەکان دەخرێنە لیستی ڕیکخراوە تیرۆریستییەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.