Erbil 9°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 22:18

وەزیری بەرگریی هۆڵەندا: هەرێم هاوبەشێکی سەرەکییە لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دابینکردنی ئاسایشی ناوچه‌که‌دا

نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگریی هۆ‌ڵه‌ندا کۆبووه‌وه‌
100%


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2024/12/23 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە روبن بریکلمانس، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا و شاندێکی یاوەری کرد.


لە کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا که‌ شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگری سه‌رۆک، وه‌زیری کاروباری پێشمه‌رگه‌ و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانی هه‌ردوولا ئامادەی‌ بوون، پەیوەندییەکانی هۆڵه‌ندا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری بەرگری و ڕاهێنانی سەربازیدا، تاوتوێ کران.


هەردوولا جەختیان لەسەر بره‌ودان به‌ هه‌موو بواره‌کانی په‌یوه‌ندی و گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزە هۆڵەندییەکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، کردەوە.


هەر کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پتەوکردنی سەقامگیریدا کرا و هەوڵەکانی چاکسازی و یه‌کخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ لە چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی کاروباری پێشمەرگەدا، خرایە بەر باس.


 نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی هۆڵەندای کرد بۆ پشتگیریی بەردەوامی هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی داعش و ستایشی ڕۆڵی هێزە هۆڵەندییەکانی کرد لە ڕاهێنان و بەهێزکردنی تواناکانی پێشمەرگەدا.


لای خۆیەوە، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا جەختی لەسەر پابەندیی وڵاتەکەی بە پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی سەرەکییە لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دابینکردنی ئاسایشی ناوچه‌که‌دا.


هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی کاری هاوبەش، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی دۆخی ئێزدییان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر زێدی خۆیان، دوایین پێشهاته‌کانی دۆخی ناوچه‌که‌، به‌تایبه‌تی گۆڕانکارییه‌کانی سووریا و لێکه‌وته‌کانی و چه‌ند پرسێکی دیکه‌ی جێی بایه‌خی هه‌ردوولا، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.