بەتۆمەتی دزینی بڕی زیاتر لە 35 ملیۆن دینار لە بەنزینخانەیەكی شارۆچكەی سەیدسادق، پۆلیس سێ تۆمەتباری گەنجی دەستگیر کرد.
دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سکاڵای تۆمار کرد کە لە بەنزینخانەکەیدا بڕی 35 ملیۆن و 607 هەزار دیناری لێ دزراوە، هێزەكانی پۆلیسی سەیدسادق لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەست پێ كرد.
دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە سێ تۆمەتبارەكە بدۆزرێنەوە و دەستگیر بکرێن.
لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتباران، دەست گیرا بەسەر بڕێک لە پارە دزراوەکەدا، هەروەها تۆمەتباران دانیان بەوە داناوە کە بڕێک لەپارەکەیان گۆڕیوەتەوە بە دۆلاری ئەمەریکی و هەر لە پارەکە ماتۆڕسکیل و دەمانچە و موبایلیان کڕیوە.
هەرسێ تۆمەتبارەكە بە ناوەكانی (ر، ب، ع. س، ج، ح. هـ، ج، ح) دانیان بە تاوانەکەیان داناوە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر و بە پێی ماددەی 444 لە یاسای سزادان ڕاگیراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.