Erbil 28°C دووشەممە 21 نیسان 20:15

فەریق جەمال ئیمینکی: پرۆسەی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە بە ھاوکاریی ھاوپەیمانان زۆر باش بەڕێوەدەچێت

کوردستان TV
100%


 سوپاسالاری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، پرۆسەی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە بە ھاوکاریی ھاوپەیمانان زۆر باش بەڕێوەدەچێت و ئەوانیش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی حکوومەتی ھەرێم لە یەکخستن و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە جدییە و بەرنامە ھەیە تا کۆتایی ساڵی داھاتوو ھەرێمی کوردستان یەک ھێزی پێشمەرگەی ھەبێت.

فەریق جەمال ئیمینکی، سوپاسالاری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ماوەیەکی زۆرە ھاوپەیمانان لەسەر ھێڵن بۆ پشتگیریکردن لە ھێزی پێشمەرگە و ئەو چاکسازییانەی ئەنجام دەدرێن، ھاوکات ماوەیەکی زۆرە ھێزی پێشمەرگە سەرقاڵی چاکسازییە و ھاوکاری و پاڵپشتیی ھاوپەیمانانیش زۆر گرنگە بۆ یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە.

ئیمینکی گوتیشی: لە ئێستادا فیرقە دروست کراون و بەرنامە دانراوە تا کۆتایی ساڵی داھاتوو ھەموو ھێزەکانی پێشمەرگە یەک بخرێن، کە ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی یەک حکوومەت و یەک پەرلەمان و یەک ھێزی پێشمەرگە، سەرۆک بارزانیش بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، بۆیە ھەوڵەکان بەردەوامن و کاری زۆر باشی لەسەر کراوە.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: ھاوپەیمانان بۆ ھێزی پێشمەرگە بەرنامەیان ھەیە و جێبەجێکردنی بەرنامەکەشیان زۆر باش بەڕێوەدەچێت و کاری لەسەر دەکرێت، ئەوان باوەڕیان بۆ دروست بووە، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی و یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە، بۆیە بەرنامەکە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 دانراوە، تا ھەموو ھێزەکان یەک بخرێن.

سوپاسالاری پێشووی پێشمەرگە دەشڵێ: لە ساڵی 2017وە کار لەسەر چاکسازی و یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە دەکرێت، بۆیە بەپێی ئەو کارەی دەکرێت، تا ساڵی داھاتوو ھەموو ھێزی پێشمەرگە یەک دەخرێن و دەکەونە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە و ھەرێمی کوردستانیش دەبێتە خاوەنی یەک ھێزی پێشمەرگە، کە ئەوەش ئاواتی ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستانە و حکوومەتیش زۆر بە جددی و بەردەوام کاری لەسەر دەکات.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.