Erbil 3°C پێنجشەممە 28 تشرینی دووەم 01:35

نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ناوخۆى به‌ريتانيا كۆبووەوە‌

100%

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ نێچيرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئێڤێت کووپەر وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا پته‌وكردنى پەیوەندیيەکانی عێراق و هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ شانشینی یەکگرتوو، بەهێزکردنی هاريكاريى هاو‌به‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌تايبه‌تى هاوکاریی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو، کۆچی نایاسایی، بازرگانی بە مرۆڤ، پارەشۆرینەوە و تاوانی ئەلیکترۆنی، تاوتوێ كران.

نێچيرڤان بارزانى گرنگيی بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنی و مرۆییەکان و تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان دووپات کردەوە و ستایشی ڕۆڵی شانشینی یەکگرتووی کرد لە پشتگیریکردنی سەقامگیريی هەرێمی و پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان لە پەرەپێدانی توانا ئەمنی و کارگێڕييه‌كانى.

لاى خۆیەوە، خاتوو کووپەر وێڕای پیرۆزبایی بۆ سه‌رکه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان، سوپاسی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد وەک هاوبەشێکی ستراتیژی لە بەهێزکردنی ئاسایشی هەرێمی و ئاماژەی بە به‌رده‌واميى پابەنديى وڵاتەکەی کرد بۆ پشتيوانى و هاوكاری لەگەڵ هەرێمى كوردستان و عێراق له‌پێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە مرۆییەکان لە ناوچەکەدا.

پرسى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، گرنگیی جێیه‌جێکردنی ده‌ستووری عێراق و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی وڵات، مه‌ترسییه‌کانی داعش، دوایین پێشهاته‌کانی دۆخى‌ ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.