Erbil 4°C چوارشەممە 27 تشرینی دووەم 22:32

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران پرسی مووچە تاوتوێ كرا

100%

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان تاوتوێی چەند بابەتێك كرا، یەكێك لەوانە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی نۆڤێمبەری 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان ڕاپۆرتێکی دەربارەی بەڕێوەچوونی قۆناخی فۆرمی خێزانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و ئاڤاهیان بە سەرکەوتوویی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی دیکەی پرۆسەکە خستەڕوو.

وەزیری پلاندانان، ئاماژەی بە ڕێکار و هەنگاوەکانی پێشووی حکوومەتی هەرێم دا بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی دروست بۆ دانیشتووان کە تەنیا بە ئامانجی پەرەپێدان بێت و بۆ هیچ مەبەستێکی دیکەی سیاسیی بەکار نەهێنرێت و بە هیچ جۆرێک نەبێتە جێگرەوەی ڕێکار و میکانیزمە دەستوورییەکان، بە تایبەتیش لە ناوچە کوردستانییەکانی دابڕێنراو لە هەرێمی کوردستان کە دواجار بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ سەرجەم پێشنیار و تێبینی وسەرنجەکانی حکوومەتی هەرێم جێگیرکران.

دواتر وەزیری پلاندانان، ئەنجامی سەرەتایی داتاکانی قۆناخی فۆرمی خێزانیی سەرژمێریی گشتی خستەڕوو کە بە فەرمی لەلایەن وەزارەتەوە بۆ ڕای گشتیش خرابووە ڕوو، کە پێویستە لەمەودوا ئەو ڕێژەیەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان لەلای حکوومەتی فیدڕاڵ بۆ ژمارەی بەشداریی نوێنەرایەتی کورد لە دامەزراوە دەستوورییەکانی فیدڕاڵ و دیاریکردنی بەشە بودجە و مووچەی هەرێم، لەسەر ئەم ڕێژە نوێیەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم و سەرەڕای بەشی هەرێم لە پلەی وەزیفی تەرخانکراو و خەرجی و تەرخانکراویی دارایی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆش، پێویستە وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکانی هەرێم لە ئێستاوە ئامادەسازی بکەن تا بۆ پڕۆژە و چالاکیيەکانیان بۆ مەبەستی پەرەپێدان پشت بە داتا و زانیارییە پەسەندکراوەکانی ئەم سەرژمێرییە ببەستن، بۆ ئەوەی بڕیاری زانستییانە و دروست بدرێت.
 
وەزیری پلاندانان لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی ئاماژەی دا بە قۆناخەکانی دیکەی پرۆسەی سەرژمێریی کە بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوو بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ ئەنجام بدرێت و بەتایبەتیش بەراوردکردنی زانیاریيەکان (مقاطعة البيانات) لە ناوچە کوردستانیەکان، بەو شێوەیەی هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و فیدڕاڵ بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لەسەری ڕێکكەوتوون.
 
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە دانیشتووانی هەرێم و بە تایبەتیش کوردی ناوچە کوردستانیەکان کە بە پەرۆشەوە و نیشتیمانیانە و دڵسۆزانە، بەشداربوون لە سەرکەوتنی سەرژمێریی، لە هەمانکاتدا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی وەزیری پلاندانان و تیمەکەی و سەرۆکی دەستەی ئامار و بەڕێوەبەری ئامار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و فەرمانبەران و کارمەندانی دەستەکە و سەرجەم ئەو بژمێرانەی کە بەشدار بوون لە پرۆسەکە و ڕۆڵی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کرد کە هاوکاربوون بە تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایش و وەزارەتی پەروەردە لە سەرخستنی پرۆسەکە بەرز نرخاند.
 
لە هەمانکاتیشدا ئەنجوومەنی وەزیران نیگەرانی خۆی لە هەژمارنەکردنی سەدان هەزار کەس لە دانیشتووانی سنووری هەرێمی کوردستان لە قەزای شێخان و زلکان و کەڵەکچی و ناحیەی فایدە و بەشێک لە قەزای سێمێل و قەزاکانی بەردەڕەش و خەبات و مەخموور لە سەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و داوای کرد کە حکوومەتی فیدراڵ ئەو ڕێکارە  ڕاست بکاتەوە و ئەو خەڵکانە بخاتەوە شوێنی ڕاستی خۆی کە هەرێمی کوردستانە.

ئەنجوومەنی وەزیران سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنی نووسراوێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ گەیاندنی ئەو پێشنیارانەی کە لە کۆبوونەوەکە پەسەند کران، بە ئاراستەی ئەوەی کە لێرە بەدواوە و بۆ ساڵی دارایی 2025 ڕێژەی نوێی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بکرێتە بنەما بۆ دیارکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە گشت شایستە دەستوورییەکانی خۆی لە حکوومەتی فیدڕاڵ.

بڕگەی دووەم، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پێشنیارێک لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تایبەت بە پاژەکردن (بەقیستکردن)ی ئەو بڕە پارەیەی لە هاووڵاتی زێدەڕۆکار وەردەگیرێت، کە خانووی نیشتەجێیان بە زێدەڕۆیی لە سنووری شارەوانییەکان دروستکردووە بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون، بە گوێرەی سەرجەم ئەو مەرج و پێداویستیانەی لە یاسای ژمارە 3 ساڵی 2019 ی هەموارکراو بە یاسای ژمارە 7 ساڵی 2021 هاتووە کە تەنیا ئەو هاووڵاتییە ئاساییە دەگرێتەوە کە بەهۆی نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون، زێدەڕۆییان لەسەر زەوی گشتی کردبوو لە چوارچێوەی سنووری شارەوانییەکان.

ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژە بڕیارەکەی پەسەند کرد، وەک ئاسانکارییەک بۆ ئەو هاووڵاتیيانەی کە یاساکانی ئاماژەپێدراو دەیانگرێتەوە و توانای داراییان سنووردارە و لە توانایاندا نییە کە بڕی پارەی تەملیکی زەوییەکە بە یەکجار بدەن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە و سەبارەت بە بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بۆ هەر سێ مانگی 10 و 11 و 12ی ئەمساڵ، جەخت لەوە کرایەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و هەروەک لە دوا کۆوبوونەوەی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیش، جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە بابەتی مووچە تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی نەکرێت و وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش بدرێت، وەک شایستەی یاسایی خۆیان لە بەرامبەر وەزیفەکانیان، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکە

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.