Erbil 11°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 15:54

کوژرانی حاخام "زڤی کۆگان" لە ئیمارات پشتڕاست کرایەوە

100%

وەزارەتی ناوخۆی ئیمارات، کوژرانی حاخام "زڤی کۆگان" کە لەوێ نیشتەجێ بوو، پشتڕاست کردەوە، ھەروەھا دەستگیرکردنی سێ کەسی بە تۆمەتی کوشتنی حاخامەکە ڕاگەیاند.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، تەرمی حاخام "زڤی کۆگان" دۆزراوەتەوە کە لە ڕۆژی پێنجشەممەی ھەفتەی ڕابردووە ناوبراو لە ئیمارات بێ سەروشوێن بوو.

دوێنێ یەکشەممە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێکی ھاوبەشدا ئاماژەیان بەوەدابوو: حاخام زڤی کۆگان کە لە ڕۆژی پێنجشەممەی ھەفتەی ڕابردووە ناوبراو لە ئیمارات بێ سەروشوێن بوو، تەرمی ناوبراو لەلایەن ھێزەکانی سەربە دەزگای ھەواڵگریی و ئاسایشی ئیماراتەوە دۆزراوەتەوە.

باسیان لەوەش کردبوو: باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەبو زەبی ھەر لە یەکەم ڕۆژی ڕووداوەکە لە پەیوەندیی دابوو لەگەڵ کەسوکاری زڤی کۆگان.

لە ڕاگەیاندراوە ھاوبەشەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ، بانگەشەی ئەوە کرابوو: کوژرانی زڤی کۆگان ڕووداوێکی تیرۆریستی تاوانکاری و دژە جوولەکەیە و ئیسرائیل ھەموو ڕێوشوێنێکی پێویست و دادپەروەریی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەگرێتەبەر.

ھاوکات وەزارەتی ناوخۆی ئیمارات لە ڕاگەیاندراوەکەدا، باسی لەوەش کرد کە سێ کەس بە تۆمەتی کوشتنی "زڤی کۆگان"، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئیماراتەوە دەستگیرکراون.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "زڤی کۆگان" کە ھەڵگریی ڕەگەزنامەی مۆلدۆڤی بوو، لەگەڵ خێزانەکەی لە ئیمارات نیشتەجێبوو.

جەختیشی لەوە کردووەتەوە، بە توندی مامەڵە لەگەڵ ھەر کەسێکدا دەکەن، ئەگەر ھەوڵبدات زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگای ئیمارات بگەیەنێت.

ئاماژەی بەوەشداوە کە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، ھەموو ھۆکارەکانی ڕووداوەکە، ڕادەگەیاندرێن.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و دەزگای ھەواڵگریی ئیسرائیل (Mossad) لە ڕاگەیاندراوێکی ھاوبەشدا ئاماژەیان بەوەدابوو، حاخام "زڤی کۆگان" کە ھاووڵاتییەکی ئیسرائیلی بەڕەچەڵەک مۆلدۆڤییە و لە ئیمارات نیشتەجێیە، لە ڕۆژی پێنجشەممەی ھەفتەی ڕابردووەوە بێ سەرووشوێنە.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.