شارەزایەكی كەشناسی ئاشكرای كرد كە شەپۆڵێكی بەفر و بارانبارین بەڕێوەیە و لە سبەیەوە دەست پێ دەكات و ماوەی چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی رایگەیاند: شەپۆلێکی بارانبارین سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش بەفر دەبارێت، کاریگەری شەپۆڵەکەش لەڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە زیاتر دەبێت .
راشیگەیاند: بارانبارینەكە بە دوو قۆناغ دەبێت، بەمشێوەی خوارەوە:-
قۆناغی یەكەم:
لەسبەینێوه کە دەکاتە ڕۆژی دووشەممە دەست پێ دەکات، سەرەتا لە کاتەکانی خۆرهەڵاتن بەدواوە هەتا بەرەبەیانی دووشەممە لەسەر سێشەممە لە تەواوی ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و سۆران و ڕاپەڕین و شەڤڵاو و پیرمام بە نمەباران دەست پێ دەکات، لە کاتەکانی ئێوارە بۆ بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە سەرجەم ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و تەواوی ناوچەکانی گەرمیان دەگرێتەوە ئەگەری تاوەبارانی مامناوەند و هەورەبرووسکەش هەیە .
قۆناغی دووەم:
لە کاتەکانی نیوەڕۆ بە پچڕپچڕی و ناوبەناو هەتا بەرەبەیانی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە تاوەباران و هەورەبروسکە سەنتەری پارێزگای هەولێر و کەرکووک و کۆیە و دەوروبەری و چەمچەماڵ و خەبات و شەمامک و دەشتی قەراج و کەندیناوە و مەخموور سەڕگەڕان و دوبز و ملاعەبدوڵا و پردێ و شوان و تەواوی ناوچەکانی باشووری کەرکووک دەگرێتەوە، ئەگەری بارانبارینی لاواز بۆ بارانی مامناوەند و هەورەبروسکەش هەیە.
شارەزاكەی كەشناسی هەروەها رایگەیاند: لەم شەپۆڵەدا پلەکانی گەرما 2 تا 3 پلە دادەبەزێت، لە شەوانیش زیاتر هەست بەساردی دەکرێت.
جەختیشی كردەوە كە کاریگەری ئەم شەپۆلی بارانبارینە هەتا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە دەبێت و رۆژی پێنجشەممە بارانبارین کۆتایی دێت و کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.