Erbil 18°C شەممە 16 تشرینی دووەم 17:52

پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بە شێوەی کردەیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد

100%

ئەمڕۆ شەممە 16ی11ی2024 بژمێرەكانی پرۆسەی سەرژمێری بە گەڕەك و كۆڵانەكانی سنووری پارێزگای هەولێر بڵاودەبنەوە و دەست بە تۆماركردنی زانیارییەكان دەكەن.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاماری هەولێر، دڵزار حەسەن بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە لە ئەمڕۆوە تا 19ی مانگ بژمێرەكان سەردانی سەرجەم یەكەكانی سنووری پارێزگای هەولێر دەكەن كە پێكهاتوون لە 15 قەزا و 46 ناحیە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە لەمیانی سەردانەکاندا، بژمێرەكان پرسیارەكانیان ئاراستەی خێزانەکان دەكەن و گرنگە لە هەر ماڵێك كەسێك یان زیاتر ئامادە بێت.

لەم چەند ڕۆژەدا بژمێرەکان پرسیارە سەرەتاییەکان دەکەن وەک ناوی سەرۆک خێزان و ژمارەی ئەندامانی خێزان و چەند پرسیارێکی دیکەی تایبەت بە سەرژمێری.

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری هەولێر، ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 10 هەزار بژمێر لەم پڕۆسەیە بەشدارن کە لە 16 تاوەكو 19ی مانگ چەند پرسیارێكی سەرەتایی ئاراستەی هاووڵاتیان دەكەن و دواتر لە 20 و 21 مانگ پرسیارە سەرەکییەکانی ناو فۆڕمی سەرژمێری ئاراستەی خێزانەکان دەکرێت و هەر بژمێرێک 130 ماڵی بۆ دەستنیشانکراوە و زانیارییەکانی تایبەت بە سەرژمێری وەردەگرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە 20 و 21 ی ئەم مانگە سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.

پێشتریش پرۆسەی ژمارەلێدان و گەمارۆسازیی لە عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەستیپێکرد و تاوەکو 1ی تشرینی دووەم بەردەوام بوو، هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش لە 1ی تشرینی یەکەم دەستی پێکردبوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.