Erbil 6°C شەممە 23 تشرینی دووەم 07:20

وەزارەتی دارایی راگەیەنراوێك لەبارەی پڕۆژەی (هەژماری من) بڵاو دەكاتەوە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێك لەبارەی پڕۆژەی (هەژماری من) بڵاو دەكاتەوە و رایدەگەینێت كە پڕۆژەكە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە رەزامەندی هەموولایەك بڕیاری لەسەر دراوە و ئێستاش پێویستە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاكان بەردەوامبن لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە.

ئەمەی خوارەوە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی داراییە لەبارەی پڕۆژەی هەژماری من:-

ماوەیەکە پرسی بەبانکیکردن و پێدانی مووچە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە بە فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێوەی جیاواز بووەتە بابەتی گفتوگۆ و چەندین لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، بەپێویستمان زانی هەندێک بەرچاوڕوونی بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو لەبارەی ئەم بابەتەوە.

1-  پرسی دابەشکردن و سەرپەرشتیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە پێی پرەنسیپە گشتیەکانی سیستەمی فیدراڵی لە دەسەڵات و تایبەتمەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانە، دەستوری هەمیشەیی عێراق لە مادەکانی (116 ، 117 ، 118 ، 119 ، 120 ، 121) سەرجەم دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانی دیاری کردووە بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی هاووڵاتییانی خۆی.

2-  وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان تەنها لایەنی بەرپرس و تایبەتمەندە بۆ بەڕێوەبردنی هەموو مامەڵەیەکی دارایی و ژمێریاری لەگەڵ حکوومەتی ناوەند و وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ.

3-  بۆ ئاگاداری هەموولایەک وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ ڕێکكەوتوون تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم کێشە تەکنیکییەکانی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن، هەموو هەوڵێکی وەزارەتیشمان بە ئاڕاستەی دوور خستنەوەی بابەتی مووچەیە لە هەموو کێشە و ململانێیەکی سیاسی.

4-  ئەوەی پەیوەستە بە پڕۆژەی هەژماری من بەپێی کۆنووسی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (113) لە ڕۆژی 2/8/2023 لە بڕگەی سێیەم، سەرجەم ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرەکان، بە کۆی دەنگی ئامادەبووان بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەی هەژماری من درا و جەخت لەوەکرایەوە کە سەرجەم وەزارەتەکان پشتگیری پڕۆسەی بە دیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزارییەکان و سەرخستنی پرۆژەی هەژماری من بکەن، کە ئەوەش دەبێتە بنەمایەک بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی دارایی و کاراکردنی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان، کە دەبێتە هۆی زیاتر گەشەپێدانی ئابووری.

5-  بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بە نووسراوی ژمارە (111/ت.ق / 2024/1405) لە بەرواری (3/7/2024) هەموو ئەو بانکانەی بەشدارن لە پرۆژەی هەژماری من مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندیی عێراقن و سەرجەمیان لە پڕۆسەی (توطين) بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بەشدارن و هیچ کێشەیەکی یاسایی و تەکنیکی لەبەردەم ئەو بانکانەدا نییە تا پرۆسەی (توطین) بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من ئەنجام بدەن.

شایەنی باسە تا ئێستا نزیکەی (700.000) فەرمانبەر و مووچەخۆر لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من (توطین) کراون و پرۆسەی بەبانکیکردنیان بۆ ئەنجامدراوە، یەکەم هەنگاوی پڕۆژەی هەژماری من بریتییە لە (توطین) واتە بەبانکیکردنی مووچە، مانگی ڕابردووش نزیکەی (153) هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە ڕێی پڕۆژەی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرتووە.

ڕاشیدەگەیەنین هیچ ڕێگرییەک نییە لەوەی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین یان هەر بانکێکی تر بەشداربن لە پڕۆژەی هەژماری من (توطین) بەمەرجێک لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە ڕێگە پێدراو بێت و مەرجە هونەرییەکانی تێدا بێت.

لە کۆتایدا پێویستە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم بەردەوامبن لە جێبەجێکردنی پرۆژەی هەژماری من بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئاماژە پێکراو، تا تەواوبوونی پڕۆسەکە لە ساڵی (2025)دا، یان دەرچوونی بڕیارێکی تر.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.