Erbil 10°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 00:06

گوتاری مەسرور بارزانی لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابییانی زانكۆی كوردستان - هەولێر

کوردستان TV
100%

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیيانی زانكۆی كوردستان - هەولێر بەڕێوە چوو.

سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێكدا كە بە زمانی ئینگلیزی پێشکەشی کرد، ئاماژەی بەوە كرد كە ئەم ئاهەنگی دەرچوونە چركەساتێكی مێژووییە لە ژیانی قوتابیيانی دەرچوو و خێزانەکانیان، بۆیە مرۆڤ شانازی و هیوا لە چاوەكانی دەرچووان دەبینێت، لە كاتێكدا ئەوان خۆیان بۆ قۆناخێكی نوێی ژیانیان ئامادە دەكەن.

سەرۆكی حكوومەت ڕوونی كردەوە كە دەرچوونی ژمارەیەکی دیکە لە قوتابیيان، بەشداریيه‌کی گرینگە لە پێشخستن و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە و هیوای خواست کە ڕۆڵێکی دیاریان لە بونیادنانی ئایيندەیەکی گەش بۆ کوردستان و بەرزكردنەوەی پێگە و ناوبانگی هەرێمی كوردستان هەبێت.

سەرۆکی حکوومەت لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا تیشكی خستە سەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمی كوردستان و جەختی کردەوە کە ئێستا لە قۆناخی ئامادەکاریداین بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێویستە حکوومەتکە لە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكانی داهاتوو بێت، ئەمەش دەخوازێت زیاتر هاوكاریی لەنێوان دامەزراوەكاندا هەبێت. جەختیشی کردەوە کە پەرەپێدانی پەروەردە و خوێندن هەمیشە لە بەرنامە و كارەلەپێشینەکانی حکوومەتدا دەبێت.

سەرۆکی حکوومەت لە گوتارەكەیدا گوتیشی: ئەو سەرکەوتنەی لەم هەفتەیەدا لە هەڵبژاردنەکان بەدەستمان هێنا، ئەو ئەرکەی نوێکردەوە کە لەلایەن گەلەوە پێمان سپێردراوە بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانمان، بۆیە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم كە بێنە پاڵ پڕۆژەی نیشتمانیمان بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵات لە ڕێگەی خستنەگەڕی تواناكانی سەرجەم دامەزراوە پەروەردەیی و فێركارییەكان.

ئاماژەی بەوەش كرد كە هاوهەڵوێستبوون لەبارەی گرینگی و برەودان بە بوارەکانی خوێندن و فێركردن، دەمانكات بە هێزێكی لەبن نەهاتوو، ئێستاش دەرفەتێكی نوێ هەیە بۆ ئەوەی ڕیزەكانمان یەك بخەین، بۆیە ئەرکی حكوومەتی نوێیە كە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەكان ببێتەوە و بە یەكڕیزییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی ئەمنی و ئاڵنگارییە ئابوورییەكان بكات لە ناوچەیەكدا كە لە ئاڵۆزی و نائارامیدايه‌.

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو کە هەرێمی كوردستان هەمیشە مەڵبەندێکی سەقامگیرییە لە ناوچەیەكی پڕ لە نائارامی و گێژاودا، بۆیە جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە فاکتەرێکی ئارامی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.

سەرۆكی حكوومەت هەروەها باسی لە بەشێك لەو دەستكەوتانە كرد كە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەدەستی هێناوە، لەنێویشیاندا پڕۆژەی (هەژماری من) كە تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار كەس لە فەرمانبەرانی كەرتی گشتی لەم پرۆژەیەدا تۆمار كراون، جگە لە پرۆژەی كارەبای (ڕووناكی) كە ئامانج لێی دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێرییە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، ئەم پڕۆژەیەش پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەدەستهێناوە، بەوەی كە تا ئێستا زیاتر لە 50 هەزار هاووڵاتی سوودمەندبوون لە كارەبای 24 کاتژمێری، هەروەها پلانەکانیش بەردەوامە و پڕۆژەكە سلێمانی و دهۆكیش دەگرێتەوە.

هەروەك جەختیشی لە گرینگی كەرتی كشتوكاڵ كردەوە، پابەندیی حكوومەتیشی دووپات كردەوە بەو هەوڵانەی كە ئامانجیەتی كوردستان ببێت بە سەبەتەی خۆراك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە داوای لە دەرچووان كرد بەشداریی لە وەدیهێنانی ئەو ئامانجەدا بكەن لە ڕێگەی داهێنان و زیادكردنی بەرهەم.

سەرۆکی حکوومەت داواشی لە دەرچووان کرد کە وابەستەی كوردستان بن و پشكداری لە بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی بەهێز و یەكگرتوودا بكەن. بەڵێنیشی دا كە پشتیوانیی هەموو دەستپێشخەرییەكی داهێنەرانە بكات كە پێشكەشی دەكەن، جا چ لە دامەزراوەكانی حكوومەتەوە بێت یانیش لە كەرتی تایبەت. ئەوەشی خستە ڕوو كە خواست و متمانەبەخۆبوون كلیلی سەركەوتنن بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتەکان.

سەرۆك وەزیران سوپاسی دایك و باوكی قوتابیانیشی كرد بەرامبەر بەوەی كە هەوڵێكی گرانبەها و بەنرخیان لەپێناو ڕۆڵەكانیان داوە، بۆیە ئەمڕۆ ڕۆژی لێزلێنانە لەوان و هەوڵە لەخۆبردوانەكەیان. لە كۆتاییشدا داوای لە دەرچووان كرد كە بە متمانەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.