Erbil 11°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 05:32

پارێزگارى هەولێر: پرۆسەی دەنگدان بە ئارامی و بێ کێشە بەڕێوە دەچێت

کوردستان TV
100%


نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 2024.10.20، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بە یاوەرى مەڕوان محمەد نەجاڕ، بەرپرسى نووسینگەى هەولێرى کۆمسیونى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان و خەسرۆ غازى، بەرێوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا، سەردانی چەند بنکەیەکی دەنگدانی لە ناو شاری هەولێر کرد.
لە سەردانەکەیدا پارێزگارى هەولێر، دواى ئەوەى بەدواداچوونى بۆ چۆنیەتى بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە کرد و سەردانى چەند ناوەندێکى دەنگدانى کرد و تەئکیدی لە تەواوی ئامادەکارییەکان کردەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "دەستخۆشیی لە کۆمیسیۆن هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئۆفیسی هەولێر دەکەم، هیوادارم  ئەو چەند کاتژمیرەی ماوە پرۆسەکە وەک ئەوەی تا ئێستە، بە ئارامی و بێ کێشە بەڕێمان کردووە، بەڕێوە بچێت، تاکوو دواجار خەڵکی کوردستان لێی سوودمەند دەبێت."
گوتیشى: "پرۆسەکە پەیوەستە بە شەرعییەتدانی دامودەزگاکانی حکوومەت؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچییەکی لە توانادا بووە کردوویەتی، تاکو پرۆسەکە بە ئارامی و دروستی بێ کێشە و گرفت بەڕێوە بچێت."
سەبارەت بە هەندێک گرفت وکیشەى تەکنیکیش کە لە چەند ویستگەیەکى دەنگدان ڕوویاندا، ڕایگەیاند: "کارمەندانی کۆمیسیۆن کێشە و گرفتی ئامێرەکانیان چارە کردووە، تەنیا ئەوانەی پەنجە مۆرییان نایخوێنێتەوە ڕێژەیەکیان دیاری کردووە، بەپێی ئەو ڕێژەیە لە وێستگەکان ئەو هاووڵاتییانە دەتوانن بەشداری بکەن." 
ئاماژەشی بەوەش دا "تاکو ئیستە گرفتێکی وا نەبوو ببێتە هۆی لە کارخستن یاخود دواخستنی پرۆسەکە، پڕۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچووە و دەست خۆشییان لێ دەکەین، بۆ هەڵبژاردن ئامادەکارییەکانیان بە باشی کردووە."
سەبارەت بە بڕیارى قەدەغەکردنى مۆبایل گوتى: "بڕیاری قەدەغەکردنی موبایل بۆ بنکەکانی دەنگدان لە پێناو سەلامەتی پرۆسەکەیە، تاکو هاووڵاتییان بۆ کاندید و لایەنی سیاسی خۆیان بڕیاری لەسەر بدەن و هیچ فشارێک لەسەر هاووڵاتییان نەبێت."
جێگەى باسە، لە کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 2024.10.20، پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاکو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت، لە بازنەی هەولێر ( 933,115 ) دەنگدەرمافى دەنگدانیان هەیە و لە 498 بنکە و 2213 وێستگە پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت و ( 26 ) تیمی فریاکەوتنى 122 بە هاوکاری نەخۆشخانەکان لە ئەرکدان، ئەوە جگەلە  ( 2,534 ) ئە فسەر  و کارمەندى پۆلیس و ( 360 ) ئە فسەر و کارمەندى بەرگرى شارستانى و ( 4,862 ) ئەفسەر و کارمەندى ئاسایش، کەبۆ پاراستنى گیانى هاوڵاتییان وبەئارامى بەرێوەچوونى پڕۆسەى دەنگدان لە ئەرکدان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.