Erbil 22°C دووشەممە 14 تشرینی یەکەم 22:20

سەرۆكی حكوومەت: بۆ چاكسازی لە كەرتی تەندروستی كاری باش كراوە و پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت

100%

ئەمڕۆ دووشەممە بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆنفرانسی (خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی، چاکسازییەکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و ستراتیژی ڕیفۆرمی سیستەمی تەندروستیی، چاكسازی لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان و دەرمان) بەڕێوە چوو.

لە گوتارێكیدا كە لە میانی كۆنفرانسەكەدا پێشكەشی كرد، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چاكسازیكردنی لە كەرتی تەندروستی بە پێداویستییەكی هەنووكەیی و داهاتوو وەسف كرد، بۆ ئەوەی بەردەوام بتوانین ئەم كەرتە بەرەو پێشەوە ببەین تاكو خزمەتێكی باشتر پێشكەشی هاووڵاتییان بكەین و دڵنیایی زیاتریش بە هاووڵاتییان بدەین.

هەروەك ئەوەی خستە ڕوو "خۆشحاڵم بەو داتایانەی كە خرانەڕوو، بە ڕاستی ئەمە جێگەی دڵخۆشییە و دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان كە كەرتی تەندروستیی ئێمە لە ئاستێكی باشدایە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ باشتری بكەین. یەكێك لە ئەركە گرنگەكانی كابینە ئەنجامدانی پرۆسەیەكی بەرفراوانی چاكسازی بووە لە كەرتی تەندروستی و چەندین هەوڵیش دراون لەگەڵ لایەنی پسپۆڕی بیانیش قسە و كۆبوونەوەی زۆر كراوە و كۆنفرانسات كراوە، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین دەست لەسەر ئەو خاڵانە دابنێین كە پێویستییان بە چارەسەری و چاكسازی و ریفۆرمەوەیە كە ساڵەهای ساڵە لەوانەیە كەرتی تەندروستی پێیەوە دەناڵێنێت".

سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوە كرد، هەندێك كار كە ئەنجام دراون و بەرهەمەكانیشی بۆ ئێمە دیارە، بابەتی رێنماییەكانی هاوردەكردنی دەرمان و خۆراك و گرتنەبەری ڕێكاری یاساییە بەرامبەر بە سەرپێچیكاران، دەزانم كە زۆر لایەن هەبووە پێشتر مامەڵەیان بە هێنان و بازرگانیكردن بە بابەتی دەرمان كردووە و لە سنوورە جیاوازەكان هێنانی ئەم دەرمانانە، بەداخەوە بۆ ئەوەی سوود بە هەندێك بازرگان بگەیەنێت، زیانێكی زۆریان بە هاووڵاتییان گەیاند. ئەم ڕێكارانەی حكوومەت گرتوویەتیە بەر، بۆ ئەوەیە كە ئێمە هاووڵاتیمان كردۆتە سەنتەری گرنگیدان بە حكوومەت و سەلامەتیی هاووڵاتی بۆ ئێمە زیاتر و گرنگترە لە سوودی بازرگانی، بە تایبەتیش بۆ ئەوانەی كە نابەرپرسیار بوون. دەستخۆشی لە وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان دەكەم كە ئەم ڕێكارانەیان گرتووەتە بەر و كارێكی باشیشیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەرمان و خۆراك كردووە.
تیشكیشی خستە سەر بابەتێكی تر كە حكوومەتی هەرێم ئەنجامی داوە، ئەویش ئەوەیە كە گرنگی دراوە بە دروستكردنی نەخۆشخانە لە شوێنە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان و گوتی "چەندین نەخۆشخانەی نوێمان بە ئاست و كوالێتییەكی باش دروست كردووە و ئەوانەی كە هەشن، دەستمانكردووە بە نۆژەنكردنەوەی هەندێكیان و ئێستاش ئەو پرۆسەیە بەردەوامە و هەندێك لەو نەخۆشخانانەی كە پێشتریش هەبوون، بەرنامەمان هەیە كە ئاستی ئەو نەخۆشخانانە باشتر بكەین لە رووی دابینكردنی ئامێر و تەكنەلۆژیای نوێ بۆ نەخۆشخانەكان، هەروەها باشتركردنی كارە خزمەتگوزارییەكان لەو نەخۆشخانانە".

لەبارەی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ چارەسەركردنی نەخۆشانی شێرپەنجە، سەرۆكی حكومەت رایگەیاند "جێی خۆشحاڵییە كە حكوومەتی هەرێم گرنگییەكی زۆری داوە بە بابەتی چارەسەركردنی نەخۆشیی شێرپەنجە و چەندین سەنتەری نوێش بڕیاری دامەزراندن و دروستكردنیانمانداوە لە سەرانسەری كوردستان، لە هەندێك شوێن لەژێر دروستكردندان و هیوادارین زوو ئەو سەنتەرانە تەواو بكرێن و بخرێنە خزمەتی هاووڵاتیانەوە. بێگومان ئەو سەنتەرانە ئامێری پێشكەوتوویان تێدا دەبێت كە وادەكات هاووڵاتییانی ئێمە پێویستییان بەوە نەبێت لە هەرێمی كوردستان بچنە دەرەوە و هەر لێرە چارەسەری خۆیان وەربگرن، یارمەتیدەریش بێت بۆ هاووڵاتییانی تری عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بتوانن وەكوو شوێنێكی پێشكەوتوو، سەردانی ئەو نەخۆشخانانە بكەن لە هەرێمی كوردستان".

باسی لەوەش كرد كە "هەوڵمان داوە ئێمە تەنیا گرنگی بە سەنتەری شارەكان نەدەین، زۆر لەو نەخۆشخانانە لە شارۆچكە و گوند و شوێنەكانی دەرەوەی شارە گەورەكان دروست كراون، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە ئاسانكاریی بۆ هاووڵاتیان بكرێت تاوەكوو ناچار نەبن كە ئەوان لە دەرەوە، هەمیشە بۆ چارەسەریی تەندروستی سەردانی شارە گەورەكان بكەن، بەڵكوو خۆیان ئەو سەنتەرانە و ئەو پسپۆڕییەی كە پێویستە، بۆیان ببرێتە ئەو شوێنانەی كە نزیكن لێیان و گونجاوە".

هەر لە گوتارەكەیدا سەرۆكی حكوومەت جەختی لەوە كردەوە كە یەكێك لەو بابەتانەی گرنگییان پێداوە، بابەتی یاسا و مافی نەخۆش و پزیشك بووە كە لە كابینەكەدا بەردەوام لەسەر ئەمەش گفتوگۆی چڕ كراوە، بەوەی چۆن مافی پزیشك پارێزراو بێت، لە هەمانكاتدا مافی هاووڵاتی و نەخۆشیش پارێزراو بێت، بۆ ئەوەی دڵنیا بن لە رووی یاساوە هاوكاری و پشتیوانی لە مافی هەموو تاكێك دەكرێت.

لەبارەی كوالێتیی كۆنترۆڵیشەوە سەرۆكی حكومەت گوتی "كە بینیم ئەو ستیكەرانەی ئێستا بە وردی قسەیان لەسەر كرا، ئەمە دڵنیایی بە هاووڵاتی دەدات، كە دەچێ دەرمانێك لە دەرمانخانە دەكڕێت، دڵنیا بێت كە ئەمانە لە پشكنین و كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەت دەرچوون و هاووڵاتی دەتوانێت متمانە بەو دەرمانانە بكات. من لێرە داوا لە هاووڵاتیان دەكەم، ئەوانەی كە سەردانی شوێنە پێویستەكان دەكەن بۆ وەرگرتنی دەرمان لە دەرمانخانەكان، رەچاوی ئەوە بكەن، ئەم ستیكەرانە بۆ دڵنیایی ئێوەیە، هەر جۆرە دەرمانێك ئەم ستیكەرانەی پێوە نەبێت كە ڕێگەپێدراوە لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستییەوە، تكایە ئەو دەرمانانە وەرمەگرن، چونكە ئەمانە بەدەر لە ڕێكارەكانی حكوومەت، لەوانەیە بە شێوازی قاچاخ، بەداخەوە لە هەندێك لە خاڵە سنوورییەكانی هەرێم هێشتا بەردەوامن و داخلی هەرێمی كوردستان دەكرێن. ئێمە هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ ئەوەی ڕێكاری پێویست بگرینە بەر تاكوو بەقاچاخهێنانی هیچ جۆرە مەوادێك لە هیچ سنوورێكی كوردستان نەمێنێت، بەڵام هێشتا ماویەتی تا ئێمە دڵنیا بین كە هەموو خاڵە سنوورییەكان بە شێوەیەكی تۆكمە كۆنتڕۆڵ كرابن. بۆیە بەشێكی كۆنتڕۆڵ لەسەر خودی هاووڵاتی دەمێنێت كە وشیار و ژیر بێ و سەیری ئەو دەرمانانە بكەن و ئەوەی ستیكەری پێوە نەبێت، متمانەی پێ نەكەن. لە بەرنامەی حكوومەت بووە بۆ دابینكردنی سیستەمی بیمە و دڵنیایی بۆ نەخۆش، بۆ كەمكردنەوەی خەرجی لەسەر هاووڵاتی و هاوكاریكردنی لە وەرگرتنی چارەسەری تەندروستیی باش و ڕێك كە پێویست بێت بۆ ئەو هاووڵاتیانەی كە ناچارن چارەسەری بەردەوام وەربگرن.“

هەروەك ئاماژەی بەوەش كرد كە بابەتی تەندروستی تەنیا ئەركی حكوومەت و وەزارەت و پزیشك نییە، بەشێكی هاووڵاتی خۆی پێویستە جۆری خواردنی، جۆری ژیانی، وەرزشكردن، گرنگیدان بە شێوازی ژیان و كەمكردنی سترێس و سەردانی نەخۆشخانەكان و پشكنینی بەردەوام، بە تایبەتی ئەو رێنماییانەی كە پزیشكەكان بە هەموانی دەدەن، زۆر گرنگە چ ئافرەت بێ و چ پیاو بێ، گەنج بێ یان بەتەمەن بێ، كە هەست بەوە بكەین پێویستیمان بە پشكنینە یانیش لە هەندێك تەمەندا، زۆر باش دەبێ ئێمە ساڵانە ئەو پشكنینانە بەردەوام بكەین و بەهۆی ئەوەی كە ئامێر و تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو هەیە، دەكرێ بە دەستنیشانكردنی سەرەتای نەخۆشییەك، دەكرێ چارەسەرێكی باش و گونجاوی بۆ دۆزرێتەوە، لەوەی كە گرنگی پێنەدەن یان دوای بخەن تاكوو خوانەخواستە نەخۆشییەكە كاری خۆی كردبێ و ئیتر لە دەستی پزیشكیش دەربچێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەم، ئەوانیش هاوكاری حكوومەت و پزیشكە خۆشەویستەكان بن و سەردانی بنكە پزیشكییەكان بكەن و خۆیان پشكنینی پێویست بۆ خۆیان بكەن تاكوو هەموومان پێكەوە كۆمەڵگەیەكی تەندروستمان هەبێت.

لە كۆتاییشدا سەرۆكی حكوومەت ئەوەی دووپات كردەوە كە "بابەتی چاكسازی و ریفۆرم شتێك نییە لە كۆنفرانسێكدا كۆتایی بێ یانیش لە كابینەیەكدا كۆتایی بێ، شتی باش كراوە و هەنگاوی باش نراوە، بەڵام ڕیفۆرمی پزیشكی و ریفۆرمی كەرتی تەندروستی شتێكە بەردەوامە، بەردەم پێویستیمان بە راهێنانی پزیشكەكان هەیە، بە راهێنانی ستافی نەخۆشخانەكان هەیە، بە بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن لە كۆلێژە پزیشكییەكان هەیە، پێویستیمان بە هێنان و سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیای سەردەم هەیە، زۆرجار چارەسەری باشتر بەهۆی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا دێتە ئاراوە، پێویستە ئێمە سوودی لێوەربگرین و پزیشكە بەڕێزەكانی ئێمە بەشدار بن لە كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكان تاكوو ئاشنا بن بە چارەسەری پێشكەوتوو كە ئێستا لە وڵاتانی پێشكەوتوودا سوودیان لێوەردەگیرێت. بەهەرحاڵ ئەمە پرۆسەیەكە بەردەوام دەبێت و هیوادارم كەرتی تەندروستی و وەزارەتی تەندروستی و پزیشكە بەڕێزەكان و هەموو هاووڵاتیانی كوردستان، ئێمە هەموومان بەیەكەوە، بەرەو ڕیفۆرمێكی باشتر، چاكسازیی خێراتر، وڵاتێكی ئاوەدانتر و وڵاتێكی تەندروستتر هەنگاو بنێین".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.