Erbil 35°C دووشەممە 14 تشرینی یەکەم 14:27

ڕاپۆڕت.. هزرێکی تەندروست سەکۆیەکه بۆ لێکدانەوەی ئەرێنی

کوردستان TV
100%


سەکۆیەک بۆ لێکدانەوەی ئەرێنی !

‎کەم کەس هەیە لەئێمە کە پەیوەندییەکی هۆشیارانەی هەبێت دەربارەی کاریگەری دەرئەنجامی ئەو ئاکار و کردەوانەی کە جێبەجێی دەکەین. لە ڕۆژی جیهانی تەندروستی دەروونیدا، دەمەوێت چەند ووشەیەک بڵێم دەربارەی گرنگی و گاریگەری 
 کردەوەکانمان لەسەرمان کاتێک کە کاردانەوەمان لە گەڵ کەسانی دی دەبێت. ئێمەی مرۆڤ بەرپرسیارێتییەکی گەورەمان لەسەر شانە.  بەرپرسیارێتییەک کە لە هەمانکاتدا دەتوانین بڵێین هەم سەختە وهەمیش ئاسان. با شتە گرنگ و بەنرخەکان بەبیری یەکتربخەینەوە.  با بەها مرۆییەکانمان لەدەست نەدەین لە کاتێکدا لەسەردەمێکدا دەژین کە بەهاکانی ژیانی مرۆڤ لە ژێر فشارێکی زۆردایە.

*کاریگەریەکانی سەردەم 

‎کۆمەڵگای ئەمڕۆ جیاوازە بە بەراورد لەگەڵ تەنانەت چەند ساڵێکی کەم لەمەوبەر. ئێمە جیهانمان بۆ نزیکبۆتەوە، زۆر ڕاستەوخۆتر بەر جیهان دەکەوین و هەموو شتێک زۆر بە خێرایی ڕوودەدات. پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا دەرفەتی نوێمان بۆ دەڕەخسێنێت، بەڵام لەهەمانکاتدا  دووچاری ململانێمان دەکات.لێرەدا پرسیار درووست دەبێت ، ئایا دەتوانین سەکۆیەک دروست بکەین کە جێگای لێکدانەوەی دوای ڕووداوەکانی تێدابێتەوە؟  ئایا ئێمە بەپێی پێویست یارمەتی یەکتر دەدەین کاتێک کەسێک دوچاری نیگەرانی قورس دەبێت، یاخود کاتێک تووشی سەختیەکی ژیان دێت و لەگەڵ کاریگەرییەکانی سەردەم هاوتەریب بێت ؟

‎ من پرسیار دەکەم چونکە سەرسامانە دەڕوانمە  کۆمەڵگایەک کە دەبینم بەشێنەیی و هێواشی ، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئاماژەیەکی گرنگ و بەهێز لەدەست دەدات، ئەویش دەستی یارمەتیە. دەستێک کە  دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ هەستانەوە لەکاتی کەوتن و زەحمەتیدا، یان کاتێک کە گیر دەخۆیت لە دووڕیانێکی ژیاندا.  من پێموایە گرنگترین ئەرکی تۆ کاتێک کەسێک دەبینیت کە پێویستی بە یارمەتیە، ئەوەیە کە هاومرۆڤ بیت، کە بوێری گرنگیدانت هەبێت. تۆ دەتوانیت هاوکاری کەسێک بیت کە لە دۆخێکی سەختدایە بەوەی زەردەخەنە بخەیتە سەر لێوی،  هێندە کاریگەری هەبێت هیوای بۆ بگەڕێتەوە،  یان لە باشترین حاڵەتدا وای لێبکەیت جارێکیتر ژیان هەڵبژێرێت.

*ئاستی وویست وتووانایی لەمبارەیەوە چ لێکدانەوەیەک بەرجەستە دەکات ؟

‎گرینگه و لەهەمانکاتیشدا بەپێوویست دەزانرێت هەستی خوێنەر لەبەرچاو بگرین، چونکە کەسانێکی ئێجگار زۆر هەن کە بە تەنها بە بیری ئاڵۆز و سەختدا تێدەپەڕن و ژیان دەکەن.  
‎ بەداخەوە کە هێشتا لای زۆربەی کەس ئەستەنگی زۆر لەبەردەم ئاستی توانا و وویستی داواکردنی یارمەتی، و پرسیارکردن دەربارەی ئەوەی کە کەسێک پێویستی بە یارمەتی بێت.

*نێوان کەسانی ئاسایی ، لەملاشەوە کەسانی خاوەن پێگە و کەم تەندرووست بۆ شیکاری گشتی .

‎من پێموایە کە زۆرێک خۆیان لەو کەسانە بەدوور دەگرن کە بە کارەسات و قەیرانی سەختی ژیاندا تێدەپەڕن لە ترسی ئەوەی کە نەوەک بەرپرسیارێتی قورسی ژیانی ئەوانیان بکەوێتە ئەستۆ. جێی باسە کە لێرەدا باوەڕم بەوە نییە کە خەڵکی ئاسایی لەسەر شەقام ئەو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ بگرن کە خزمەتگوزارییە تەندروستییە گشتییەکان هەیانە. سیاسەتمەداران و دەسەڵاتدارانی تەندروستی و بەڕێوەبەرانی خاوەن دەسەڵاتی بڕیاردەر بەرپرسیارێتی گشتییان لە ئەستۆدایە، بەڵام دەمەوێت جەخت لەسەر گرنگی ئەوە بکەمەوە کە نەبینە بینەرێکی بێ بوون کاتێک کەسێک پێویستی بە هاوسۆزی و هاوخەمی هەیە لە دەستی هاوکاریدا.

‎دەستی هاوکاری دەتوانێت خۆی لە چەندەها جۆر فۆرمی جیاوازدا ببینێت. دەتوانێت هێندە سادەبێت وەک زەردەخەنەیەک یان دەستخۆشییەک.  هەندێک جار پێویستە هۆشیارانەتربین لە هەڵبژاردنی وشەکانماندا و پێشوەختە لێکیان بدەینەوە لە بەرامبەر بارودۆخە سەخت و هەستیارەکاندا. هەندێکجاریتریش گرنگترە کە بێدەنگی هەڵبژێرین. ئێمەی مرۆڤ کاتێک جەخت
‎لەسەر خۆمان لادەبەین و تێڕوانینمان بۆ دەرەوەی خۆمان ئاراستە دەکەین، ئەوکات دەتوانین زیاتر گرنگی بە کەسانی دیکە بدەین.

*بینینی توونێلێکی ڕووناک بۆ ئایندەی کۆمەڵگا لەڕووی هەستی دەروونی و ئارامیدا .

‎با کار لەسەرخۆمان بکەین پێش ئەوەی مرۆڤایەتی ببێتە شتێک کە تەنها لە کۆتایی تونێلەکەدا ڕووناکییەکی بچووکی لێ ببینین. با پێکەوە کۆمەڵگایەک بنیات بنێین کە بتوانین " بە ئارامی تێیدا بژین" نەک کۆمەڵگایەک کە دوای مردنمان تەنها هیواداربێت "بە ئارامی پشوبدەین".

‎ئایا ڕێگە بە خۆمان دەدەین کاتێک کەسێک کەوتە خوارەوە لێی گەڕێین ڕێکەوت و چارەنووس باوەڕ و بیرکردنەوەمان ئاڕاستەبکات؟ تێدەگەم گەر هەستی دڵەڕاوکێی یەکەم کاردانەوەمان بێت بۆ وەڵامدانەوەی کەسێک کە پێویستی بە یارمەتیە. دەکرێت هەستێکی ترسناک بێت و زۆر کەس هەست دەکەن کە بەبێ خواستی خۆیان بەرپرسیارێتییان دەکرێتە ئەستۆ. با ڕێگە بدەین کە وەک دەنگێکی گەورەی متمانە لە باوەشی بگرین. کەسێک متمانەی بە" تۆ" هەیە. دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە پێویست ناکات شاخەکان بجوڵێنیت بۆ ئەوەی یارمەتی کەسێک بدەیت.  زۆربەی کات ئەوە شتە بچوکانەی ژیانن کە گەورەترین خۆشی و مانا دەبەخشن.

‎ دەبێت دان بەوەدا بنێم. کە من دەترسم. دەترسم  لەوەی کە ئێمە بووینەتە کۆمەڵگایەک کە زیاتر سەرنجمان لەسەر ئەوە بێت کە بۆچی کەسێک دەکەوێت لەبری ئەوەی تەماشای ئەوەبکەین کە دەتوانین چی بکەین کاتێک کەوتنەکە دەبێتە ڕاستی.  چونکە ڕاستییەکە ئەوەیە کە هەموومان دەکەوین، لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیاندا.  ناتوانین خۆمان لە کەوتن بەدوور بگرین، بەڵام دەتوانین یارمەتیدەربین لەوەی کە کەوتنێک کەمتر بکەینەوە.  کەوتن تێچووی هەیە، بەڵام هیچ شتێک لەوە زیاتری تێناچێت کە نەتوانیت لە کەوتنەکە هەستینەوە.

*کەسایەتی ژیر و پەیوەەست بوون به کۆمەڵگایەکی بەخشندە .

‎ئاسانە کە لە پاشوەختە ژیربین، و ئاسانە بۆ سەرکردەکانمان کە خزمەتە ڕەمزیەکەیان ئەوەبێت کە ژمارەکان لە ئامارێکدا پیشان بدەن بۆ ئەوەی باس لەوە بکەن کە ئەم ژمارانە چەندە تێچویان دەبێت بۆ کۆمەڵگا.  دەمەوێت ئەوە بخەمەڕوو کە ئەم ژمارانە دەربارەی ژیانی مرۆڤە.  قسەکردن لەسەر ژیانی مرۆڤ لە لایان سەرکردنەکانمانەوە گرنگی پێ نەدراوە بەڵام ڕەنگە ئامارەکان سەبارەت بە خۆکوشتن لە ساڵی ٢٠٢٣ تاکە ڕێگە بێت بۆ ئەوەی نیشانی ئەو سەرکردانەمان بدەین کە دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە، کە کۆمەڵگا  چەندی لەسەردەکەوێت کاتێک کە هیچ نەکات؟  هەروەها دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە بە پێچەوانەوە ئەمە بە تێچوون نازانم. بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە وەبەرهێنانێکە لە کۆمەڵگایەکی بەخشندەتردا.  پێویستمان بە سەرکردەیەک هەیە کە بە ڕێوشوێنی ڕاستەقینە و پارەی تەرخانکراو سیاسەتەکانیان بکەن و چاکسازیبکەن. چونکە کەسمان نییە لەدەستی بدەین.

*چۆن هەوڵبدرێت بۆ باشترکردنی حاڵەتە دەروونیەکان ؟.

‎با لەوە نەترسین کە کرانەوە بەڕوی بابەتە قەدەغەکراوەکاندا هەنگاوێک نییە بە ئاراستەیەکی دروستدا.  با پێکەوە پاڵنەرێکی ڕاستەقینەبین لە شەڕی باشترکردنی تەندروستی دەروونیدا. با لەوە بگەین کە دەربڕینی باری هەستیاری خۆت نیشانەی لاوازی نییە، یاخود شتێک نییە کە شەرمی لێ بکەیت. با باشتر لەوە تێبگەین کە تەندروستی دەروونی بەشێکە لەو کولتوورە کۆمەڵایەتییەی کە ئێمە دروستمان کردووە. ڕۆشنبیری و ئومێد دەسپێک و ئامرازێکی گرنگن. دەستپێکێک بۆ هەموو ئەوانەی دووچاری کێشەی دەروونی دەبن، و بۆ هەموو ئەوانەی کە ئەگەری هەیە دووچاربن ئەگەر جدیتر لەسەر ئەم پرسە جەخت نەکرێت و بەرنامەی کار و بەدواداچوونی بۆ نەکرێت بە کردار.

‎ئێمە کۆمەڵگایەکی گەرمتر و گشتگیرتر قەرزاری خۆمانین. نابێت خۆمان لە تەندروستی دەروونی و لایەنە ئاڵۆزەکانی بەدوور بگرین.  تەندروستی دەروونی پێویستی بە سەکۆیەک و هزرێکی کراوە هەیە. ئایا سەکۆیەکت هەیە؟ ئایا هزرێکی کراوەت هەیە؟، ئەمانه پرسیارن و پێوویستە لەسەر مرۆڤ درک به تەندرووستی خۆی بکات بۆ ئەوەی زامن تەندرووستیەکی باش له جەستەی خۆی بەئامادەیەکی پتر باوەڕ بەخۆبوون  لەهەیکەلی ژیان لەهەموو سەردەمانێکدا بەهزرێکی خاوێن دوور له دڵەڕاوکی خۆی بسەلمێنێت .

‎سەحەر ڕزگار کارۆ 

- مامۆستای پەروەردەیی و خاوەن پێداویستی تایبەت و کەسوکاری جێماوی دوای خۆکوژی

ئۆسلۆ / نەرویژ

تێبینی : ئەم ووتارە بەبۆنەی (ڕۆژی جیهانی نەخۆشیە دەروونیەکان)  وەک وانەیەکی بەسوود پێشکەشم کردووە .

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.