Erbil 33°C شەممە 12 تشرینی یەکەم 16:24

سەرۆكی حكوومەت: دەمانەوێت ئاستی خوێندن لە كوردستان بەرەو پێشەوە ببەین

100%


ئێواره‌ی ڕۆژی هەینی 11/10، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاهەنگیی دەرچووانی خوولی 43ی زانکۆی سەلاحەددین لە هەولێر بەڕێوە چوو.

لە گوتارێكیدا كە لە میانی ئاهەنگەكەدا پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكومەت دوای پیرۆزباییكردن لە قوتابیان، سوپاسی مامۆستایانی كرد كە ئەم ساڵانەی ڕابردوو سەرەڕای ئەوەی تووشی چەندین قەیران و ناخۆشی بووین، بەڵام نەیانهێشت خوێندن دوابكەوێت و بەردەوامبوون لە فێركردن و پێگەیاندنی قوتابیانی خۆشەویست. هاوكات جەختی لەوە كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێ ئاستی خوێندن لە كوردستان بەرەوپێشەوە ببات و بۆ ئەم مەبەستەش دەستەی متمانەبەخشین كارا كراوە تاكوو ئاستی خوێندن لە هەموو زانكۆكانی كوردستان لە خوێندنی باڵا بە پێوەر و ستانداردێكی نێودەوڵەتی بكرێت.

ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
قوتابیانی خۆشەویست
سەرۆك و ئەنجوومەنی زانكۆی سەڵاحەدین
مامۆستا و ستاف و فەرمانبەرانی زانكۆ
بنەماڵە و كەسوكاری سەربەرزی قوتابیان
ئامادەبووانی هێژا
ئێوارەی هەموو لایەكتان باش

زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ بەشدارم لەگەڵتان لە ئاهەنگی خولی 43ی دەرچووانی قوتابیانی زانكۆی سەڵاحەدین. پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە هەموو قوتابیانی خۆشەویست دەكەم، پیرۆز بێ لە هەمووتان.
بێگومان ئەم سەركەوتنە بۆ ئێوە لەم قۆناغەی ژیانتان، سەركەوتنێكی گەورەیە و دەبێ هەستێكی خۆشتان هەبێ كە مرۆڤ بەرهەمی رەنج و ماندووبوونی خۆی ببینێت. لەبەر ئەوە هەقە شانازیی بە خۆتانەوە بكەن، هەموومان شانازیتان پێوە دەكەین. جارێكی تر ئەم سەركەوتنە لە هەمووتان پیرۆز بێت.
جێی خۆیەتی سوپاسی هەموو مامۆستایانی بەڕێز بكەم كە ئەم ساڵانەی رابردوو سەرەڕای ئەوەی تووشی چەندین قەیران و ناخۆشی بووین، نەیانهێشت خوێندن دوابكەوێت و بەردەوام بوون لە فێركردن و پێگەیاندنی قوتابیانی خۆشەویست، سەرەڕای ئەوەی ژیانیان ناخۆش بووە، سەرەڕای ئەوەی كە نەیانتوانیوە وەكوو پێویست لە بواری پێگەیاندنی ژیانی خۆیان بتوانن بەردەوام بن، بەڵام نەیانهێشتووە كە ئێوەی خۆشەویست، قوتابیانی خۆشەویست بە هیچ جۆرێك تووشی ناخۆشی و دواكەوتن بن لە خوێندن، لەبەر ئەوە جێی خۆیەتی هەر هەموومان، قوتابیان و هەموو ئامادەبووان سوپاسی مامۆستایان بكەین و چەپڵەیەكی بەهێز بۆ مامۆستایان لێ بدەین.
دەستخۆشیی لەو مامۆستا بەڕێزانە دەكەم كە بەردەوامبوون لە پێگەیاندنی قوتابیان و دڵنیان لەوەی كە داهاتووی وڵاتەكەمان بەدەست ئەم قوتابیانەوە دەبێت، بۆیە من سوپاسیان دەكەم و دڵنیایان دەكەمەوە ئەوەی لە دەستی حكوومەت بێت، ئەوەی لە دەستی ئێمە بێت بۆ پشتیوانیكردن لە مامۆستایان، درێغی ناكەین و ئینشائەڵا قەرەبووی زەحمەت و ئەو ئازارەی چەشتوویانە، دەكەینەوە.

بەڕێزان
ئێمە دەمانەوێ ئاستی خوێندن لە كوردستان بەرەو پێشەوە ببەین، بۆ ئەم مەبەستە دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەكان و پڕۆگرامەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان كارا كردووە و دامەزراندووە تاكوو ئاستی خوێندن لە هەموو زانكۆكانی كوردستان و دامەزراوەکانی پەروەردە بە پێوەر و ستانداردێكی نێودەوڵەتی بەرەوپێشەوە بچێت.
دەزانین كەموكورتی لە پێداویستییەكانی خوێندن و لە زانكۆكان و شوێنی حەوانەوەی قوتابیان هەیە، بەڵام حكوومەت هەموو هەوڵێك دەدات بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بەو توانایەی كە دێتە دەست حكوومەت، گرنگییەكی زیاتر بە زانكۆكان و شوێنی حەوانەوەی قوتابیان بدەین و ئەوەی پێمان بكرێ بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن لە هەر رووێكەوە بێ، ئێمە درێغی ناكەین جارێكی تر.

قوتابیانی خۆشەویست
ئێوە قۆناغێكی گرنگی ژیانی خۆتان تێپەڕاند و دەستخۆش و سەركەوتوو بوون، بەڵام پێ دەنێنە قۆناغێكی تر لە ژیان كە پڕە لە تاقیكردنەوە و لە زەحمەت و لە خۆشی و ناخۆشی. یەكەم تاقیكردنەوە چەند رۆژێكی تر دەست پێدەكات، ئەویش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە. زۆر لە ئێوەی خۆشەویست لەوانەیە بۆ یەكەمجار بێت بەشداریی بكەن لە دەنگدان، بەڵام گرنگە دەنگ بدەن، چونكە ئەمە مافی هەموو تاكێكی ئەم وڵاتەیە، مافی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستە، چونكە ئێوە ئێستا دەتوانن بەو زانستەی فێر بوون، خوێندنەوەیەكی جیاوازتر و باشترتان بۆ رووداوەكان هەبێت. دەتوانن خوێندنەوەیەكی باشتر بۆ پێشهات و رووداوەكانی داهاتوو بكەن، لەبەر ئەوە زۆر گرنگە هەمووتان بچن و لە رۆژی 20ی ئۆكتۆبەر دەنگ بدەن بەو لایەنەی كە پێتانوایە دەتوانێت خزمەتی گەل و وڵاتەكەمان بكات و وڵاتەكەمان بپارێزێت، ئارامی و ئاوەدانی بۆ وڵاتەكەمان بێنێت، هیوادارم هەمووتان، بە كەسوكارەكانتان، بە دۆست و ناسیارەكانتان، لەو رۆژە بەشدار بن لە بڕیاردان لەسەر دیاریكردنی چارەنووسی وڵاتەكەمان. ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئێو ە و هەموومان گرنگە، چونكە هەر وڵاتێك لەم هەڵبژاردنە بدرێت، چارەنووسی وڵاتەكەمان دیاری دەكات، شێوازی حكوومڕانیی دیاری دەكات كە دوای ئەم هەڵبژاردنە بۆ چوار ساڵ حكوومەتێك حكوومڕانی دەكات و لە جیاتی هەموو هاووڵاتیان بڕیار دەدات، بەڵام ئێستا دەستنیشانكردنی ئەو حكوومەتە بە دەستی ئێوەیە. ئێوە دەتوانن دەستنیشانی بكەن چ جۆرە حكوومەتێكتان دەوێ؟ دەتانەوێ كێ لە جیاتی ئێوە بڕیار بدات؟ كێ بۆ نەوەی داهاتوو بڕیار بدات؟ گرنگە بەشدار بن بۆ ئەوەی خەڵكێكی تر لە جیاتی ئێوە بڕیار نەدات. داواتان لێ دەكەم هەمووتان بەشداریی ئەم هەڵبژاردنە بكەن، بێگومان من دڵنیام كە بە بەشداریی ئێوە، بڕیاری دروست دەدرێت.

قوتابیانی خۆشەویست؛
وڵاتی ئێمە و ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی، بە دۆخێکی ناخۆش و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئێمە لەمەوپێشیش دۆخی ناخۆش و قەیرانمان بینیوە، ئەو قەیرانانە تێپەڕین و ئێمە هەر ماوین. لەمەودواش بە بوونی ئێوە و هێزی ئێوە دەتوانین وڵاتێكی خۆشتر و باشتر بۆ خۆمان دروست بكەین، كەس ناتوانێت وڵاتمان بۆ دروست بكات و بەرەو پێشەوە ببات ئەگەر خۆمان نەبین، هیچ وڵاتێك پێش نەكەوتووە ئەگەر خەڵكی ئەو وڵاتە نەیانویستبێت پێش بكەون، هیچ وڵاتێك نەیتوانیوە خۆڕاگر بێت ئەگەر بڕیاری خۆڕاگری نەدابێت. بۆیە گرنگە ئێمە بیر لەوە بكەینەوە كە ئەم وڵاتە هی هەموومانە، هی تاك بە تاكی ئێوەیە، چاوتان لەوە نەبێت كەس بێت لە جیاتی ئێمە بڕیار بدات، دەتوانین وڵاتێك بۆ خۆمان دروست بكەین كە نموونە بێت لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر ئاستی جیهانیش، ئێوە دەتوانن ئەوە بكەن، چونكە بڕوام بە توانای ئێوە هەیە، بڕوام بە زانستی ئێوە هەیە، ئێوە ئێستا خاوەن هزر و بیری خۆتانن، دەتوانن بڕیار بدەن، دەتوانن بەشدار بن، لە كەرتی گشتی و لە كەرتی تایبەت دەتوانن بەشدار بن و رۆڵی كاریگەری خۆتان بگێڕن. حكوومەت دەتوانێت یارمەتیتان بدات، بەڵام لە ئەنجامدا هەموومان دەبێ هەر یەكێك لە هەر شوێنێك بین، رۆڵی خۆمان بگێڕین و بەیەكەوە كوردستانێك دروست بكەین كە كوردستانێكی ئارام و ئاشتیخواز و پێشكەوتوو بێت.
من نامەوێ زیاتر لەوە كاتی ئێوە بگرم، بەڵام دڵنیام كە ئێوە دەتوانن لە داهاتوودا ببن بە خاوەنی وڵاتێكی خۆشتر و گەشەسەندووتر. پێش ئێوەش من چەندین قوتابیم بینیوە كە بڕیاریان داوە خۆیان بچن و كار بۆ خۆیان دروست بكەن، حكوومەت یارمەتی داون و هەلی كاری بۆ رەخساندوون، زۆر سەركەوتوو بوون. پێش چەند رۆژێك من چووم سەردانی هەندێك لەو گەنجانەم كرد كە بەشدار بوون لە پرۆژەی (گەشانەوە) کە بە هاوكاری و پشتیوانیی حكوومەت، ئێستا خۆیان خاوەنی كاری خۆیانن. كە ئەوان توانییان بیكەن، ئێوەش دەتوانن بیكەن. ئێوە دەتوانن سەركەوتوو بن.
لە كۆتاییدا هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم، هەر سەركەوتوو بن و كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.