بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین و بەڕێوەبەرایەتی ژمێرکاری سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری روونكردنەوەیەك لەبارەی كێشەی مووچەی خانەنشینانی یەكەی 70 بڵاو دەكەنەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەكەن كە بەرپرسانی یەكەكە بەرپرسن لە دروستكردنی كێشەكان، چونكە هیچ دۆسیییەكی خانەنشینانیان نەناردووە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری.
وەزارەتی دارایی رایگەیاند: سەبارەت بە چەند بارەبوونەوەی کێشەی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 کە ژمارەیان زیاتر لە 9 هەزار کەسە و ماوەی 6 مانگە لەوەزارەتی دارایی عێراقەوە بەهۆی نەبوونی دۆسییە لە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی دارایی هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرج نەکراوە، چەند بەرپرسێکی ئەو هێزانە لە لێدوانەکانیاندا وەزارەتی داراییان بەهۆکاری دواکەوتنی مووچەی ئەو خانەنشینانە تۆمەتبار کردووە، بۆ خستنەڕووی ڕاستییەکان و چەواشەنەکردنی ڕای گشتی بەپێویستمان زانی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەینەڕوو.
1- خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 هیچ دۆسییەیەکیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری نییە.
2- بەرپرسانی ئێستا و پێشووی هێزەکانی یەکەی 70 بەرپرسن لە کێشەی مووچەی ئەو خانەنشینانە و لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا نەیانتوانیوە دۆسییەکانیان بگوازنەوە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری.
3- بەپێی یاسا پێویستە سەرەتا دۆسیەی ئەو خانەنشینانە بچێتە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە، دوای وردبینی و بەدواداچوون ئەگەر دۆسیەکانیان هیچ کێشەی نەبوو ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری دەکرێت لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، دوای تەرخانی دارایی دۆسیەکانیان دەچێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووری.
4- سەرەڕای فشارەکان و دووبارەبوونەوەی کێشەی مووچەی ئەو خانەنشینانە، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا تەنها 200 دۆسیە ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگە کراوە، دوای وردبینی دەرکەوتووە کەموکوڕییەکی زۆر لە دۆسیەکانیاندا هەیە و دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی هێزەکانی یەکەی 70.
5- لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو تا مانگی پێشووش لەسەر بڕیار و بەرپرسیاریەتی وەزیری دارایی و ئابووری مووچەی مانگی تەمووزیان بۆ خەرج کرا، ئەوەش لە کاتێکدایە ئەو خانەنشینانە هیچ تەرخانکراوێکی داراییان لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ نییە.
6- بەپێی نووسراوی ژمارە (15717) کە لە ڕێکەوتی (15/8/2015) لەوەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە ئاڕاستەی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە و تیایدا داواکراوە ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی یەکەی 70 بە چ فەرمانێکی هەرێمی یاخود لەسەر بنەمای چ نووسراوێکی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران خانەنشین کراون بۆمان ڕەوانە بکەن، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 9 ساڵ هێشتا وەڵامی ئەو نووسراوەیان نەداوەتەوە.
ئاماژەبەوەشدرا: بە پێی یاسای چاکسازی و ڕاپۆرتەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی، نابێت هیچ خانەنشینێک لە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەبێت، دووپاتی دەکەینەوە بەرپرسی کێشەی مووچەی ئەو خانەنشینانە بەرپرسانی ئێستا و پێشووی هێزەکانی یەکەی حەفتان نەک وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.