Erbil 11°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 08:34

بە سەرپەرشتى پارێزگار، کۆبوونەوەى لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردنى پارێزگای هەولێر ئەنجامدرا

کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ سێشەممە 2024.10.8، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە پێناو داڕشتنى پلان و ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنێکی ئارام بۆ خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان و زەمینەخۆشکردن و فەرهەمکردنى ئازادی دەنگدەران لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردنى پارێزگای هەولێر، بە ئامادەبوونى بەرپرسى نووسینگەى هەولێرى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، دواى گفتوگۆکردن بۆ دابینکردنى پێداویستییەکان بە ئامانجى باش بەڕێوەچوونى پڕۆسەى دەنگدان و ئامادەکارییەکان لە ( 48 ) بنکەى تایبەت و ( 389 ) بنکەى گشتى دەنگدا لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و ئامادەباشیی هێزەکانی ناوخۆ و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و دیاریکردنى ڕێکار و ڕێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنى ئەرکەکانیان، پارێزگارى هەولێر، جەختی لەوەکردەوە، کە دەبێت پرۆسەی هەڵبژاردنی خولى شەشەمى پەرلەمانی کوردستان، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر هەڵبژاردنێکی ئارام و لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر بەڕێوە بچێت و پێویسته‌ هاووڵاتییان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش له‌ كاتی‌ هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان هاوكار بن تاکو كه‌شوهه‌وایه‌كی‌ ئارام دروست بێت.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە بڕیار و ڕاسپاردەکانى کۆبوونەوەى لیژنەی باڵای ئەمنی کرایەوە، بە تایبەتى، کە لە ڕۆژانی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا نابێت بە هیچ شێوەیەک دەنگدەران مۆبایل لە بنکەکانی دەنگدان ببەنە ژوورەوە و لە ڕۆژی دەنگدان قەدەغەی هاتووچۆ ڕاناگەینرێت و بازگەکان کراوە دەبن و هەروەکو ڕۆژانی ئاسایی هاتووچۆى هاوڵاتییان ئاسایی دەبێت و هیچ شەقامێک داناخرێت، سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش کە سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن دەبێت پێشوەختە لە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان تۆمار کرابن و باجی کۆمیسیۆنیان پێبێت.
لە کۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر، ئومێدی خواست بە پابەندبوون بە بڕیار و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆن، هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و سەرتاپاى هەرێمى کوردستان بەڕێوە بچێت، بۆ ئەو مەبەستەش دووپاتى لەسەر هەموو پاڵپشتی و هاریکارییەکى پارێزگاى هەولێر بۆ نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کردەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.