لە كەرنەڤاڵی جەماوەری ئەمڕۆ دووشەممەی سەرخستنی لیستی 190ی پارتی لە زاخۆ، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی ئاراستەی نەیاران كرد و پێی گوتن "ئەوانەی هەوڵی شکاندنی پارتییان دا، خۆیان تووشی شکست بوون، ئیتر فێر بن و لە مێژوو فێر بن، پارتی هەرگیز ناشکێت".
ئەمڕۆ دووشەممە رێكەوتی 7/10/2024 مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەنێو یاریگەی زاخۆ لەبەردەم هەزاران جەماوەر و بە ئامادەبوونی کاندیدانی لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: زاخۆی جوان و دڵی سەرۆک بارزانی، جەماوەری تێکۆشەر و خۆڕاگری زاخۆ، بوون و دەنگی ئێوە سەرکەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنی داهاتوو مسۆگەرە پشتیوان بە خوای گەورە.
گوتیشی: پاش دوو هەفتەی دیکە بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنووساز دەچین کە داهاتووی وڵات و پاشەڕۆژی وڵاتەکەمان دیاری دەکات، دەنگی ئێوە و بڕیاری ئێوە شێوازی حکوومڕانی چوار ساڵی داهاتووی وڵاتەکەمان دەکات، بۆیە پێویستە زۆر، پێکەوە هەموومان بەیەکەوە بە دەر و دراوسێ و خزم و کەس بچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ سەرخستنی لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو پارتەی لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە بۆ نەهێشتنی زوڵم و زۆرداری تا ئەمڕۆ بەردەوامە بۆ نەهێشتنی زوڵم و ستەم و ستەمکاری دامەزراوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پێناسەی نەتەوەیی کوردستانی، پارتی دیموکراتی لە ڕۆژی یەکەمەوە تا ئەمڕۆ بە پشتیوانی ئێوە بەردەوام دەبێت، پارتی هەر یەکەم بووە و هەر یەکەمیش دەبێت.
مەسرور بارزانی گوتی: پارتی هەوڵی داوە کوردستان سەرکەوێت و مافەکانی خەڵکی کوردستان بێنە دەست، ناحەزانی پارتیش هەوڵیانداوە پارتی بکەنە ئامانجی خۆیان و پارتی سەرنەکەوێت، پێشتر بەجۆرێک دژایەتی پارتیان دەکرد و پیلانیان دادەڕشت، ئێستاش بەجۆرێکی پیلان دادەڕێژن، بەڵام بە پشتیوانی خوای گەورە لە 20ـی ئۆکتۆبەر ئەو پیلانانە لەناو دەبەین و پارتی هەر یەکەم دەبێت.
هەروەها گوتی: پارتی داوای ئارامی دەکات، چونکە پارتی لەو باوەڕەدایە میلـلەتی ئێمە شایستەی ئەوەیە لە ژیانێکی ئارام و وڵاتێکی ئارامدا بژیت، ئێمە داخوازی ئاشتەوایی دەکەین و بەیەکەوە بژین، چونکە چەندە ئارامی و ئاشتەوایی لە وڵاتەکەماندا هەبێت، پارتی زیاتر پێش دەکەوێت.
جێگری سەرۆكی پارتی گوتیشی: پارتی لەهەر جێیەک بێت جێی دەستی دیارە و ئاوەدانی تێدایە، ئاوەدان و پێشکەوتووە، پارتی داوای پێکەوەژیان دەکات لەگەڵ هەموو نەتەوە و ئایینی جیاواز و لاینە سیاسییەکان، پێمانوایە بەیەکەوەبین وڵاتەکەمان جوانتر دەبێت و بەهێزتر دەبین، میلـلەتی ئێمە داهاتووی و پاشەڕۆژی گەشتری هەبێت، پارتی هەمیشە شانازیی بەوە دەکات داکۆکی و پشتیوانی مافی نەتەوە و ئاینەکانە، لەسەر ئەم سۆزە بەردەوام دەبێت و تا ماوین داکۆکی لەهەر تاکێکی ئەو وڵاتە دەکەین.
مەسرور بارزانی گوتی: پارتی دروشمی خۆڕاگریی هەڵگرتووە، چونکە خۆڕاگربووە بەرامبەر هەموو پیلان و پەلامارەکانی سەر کوردستان، پارتی خاوەنی جەندین داستانە، هەزاران شەهید و پێشمەرگەی قارەمان و جەماوەرێکی قارەمانە لەبەرئەوە خۆڕاگ دەبێت و هەر بەردەوامیش دەبێت لە خۆڕاگریی و بەرگریکردن لە مافی گەلی کوردستان.
مەسرور بارزانی ئاماژەشی دا: هەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان کە بە خوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگە و زەحمەتی و ماندووبوونی ئەو گەلەیە، لەناو ببردرێت یاخود لاواز بکرێت، گەلێک لایەنی ئەمڕۆ دروشمیان هەڵگرتووە و داوای دەنگی خەڵکی کوردستان دەکەن، دوێنێ و پێرێ پیلان دادەڕێژی ئەو قەوارەیە نەمێنێت، دوێنێ و پێرێ هەوڵیدا لەگەڵ دەستی دەرەکی دەستی خۆی تێکەڵ کرد، هەوڵی دا مافی خەڵکی کوردستان ڕادەستی بەغدیان کرد و خەڵکی کوردستان تووشی شکست بکەن، بەڵام پارتی ڕێگەی نەدا، ئێستا دێن بە شێوازێکی دیکە قسە لەگەڵ خەڵک دەکەن، بەڵام خەڵک هۆشیارە دەزانێت ڕابردووی هەمووان چییە و دەنگ دەداتە کێ.
جەختیشی كردەوە كە: پەیامی ئێمە بۆ هەموو لایەنەێک کە هەوڵی شکاندنی پارتی داوە، بۆ هەموو ئەوانەی خەونیان بە شکاندنی پارتیەوە دەبینی، بەوان دەڵێین: ئەوانەی هەوڵی شکاندنی پارتییان دا، تووشی شکست بوون، فێر بن، مێژوو فێر بن، پارتی ناشکێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.