Erbil 7°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 06:41

ئه‌مریكا هۆشداری به‌ عێراق ده‌دات

کوردستان TV
100%

 
ئەمەریكا بۆ وه‌ستاندنی هێرشی میلیشیا عێراقییه‌كان بۆ سه‌ر پێگه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل په‌یامێكی تووندی ئاراسته‌ی حكومه‌تی عێراق كردووه‌.

 میدیاكانی عێراقی بلاویان كرده‌وه‌‌، حكوومەتی عێراق پەیامێكی تووندی لەلایەن ئەمریكاوە پێگەیشتووە، بۆ وەستاندنی بەپەلەی گرووپە چەكدار و میلیشیاكانی عێراق، كە هێرش دەكەنە سەر پێگەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل لە عێراق و ناوچەكەدا، كه‌ دواترینیشیان هێرشكردن بوو بۆ سەر بنكەی سەربازیی ئەمریكا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا. ئاشكراشیان كردووە، لە ماوەی 48 كاتژمێری ڕابردوودا، ئەمریكا ئەو پەیامە توندەی داوەتە بەرپرسانی سیاسیی عێراق و بە زمانێكی پڕ لە هەڕەشە و زبر داوای هەوڵی حكوومەتی عێراقی كردووە، بۆ وەستاندنی گرووپە میلیشیاكان كە لە ناو عێراقەوە هێرش دەكەنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل. 

ئه‌مه‌ریكا هۆشداریشی داوه‌ له‌وه‌ی ئه‌گەر ئەو هێرشانە بەردەوام بن، ئەمریكا بەتوندی هێرش دەكاتە سەر گرووپە چەكدارەكان و فەرماندەكانیان. باس له‌وه‌ش كراوه‌، بەرپرسانی حكوومەتی عێراق، هەڕەشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلیان بە هه‌ند وەرگرتووە و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ گوشاریان خستووه‌ته‌ سه‌ر  گرووپە چەكدارەكان، بۆ كۆتاییپێهێنانی هێرش بۆ سەر پێگەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل لە ناوچەكەدا. ئەمە لە كاتێكدایە سوپای ئیسرائیل، هێرشی كردووەتە سەر باشووری لوبنان و دەیان فەرماندەی باڵای حزبوڵای لوبنانی كوشتووە و هەڕەشەی هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئێران و هێزەكانی سەر بە ئێران دەكات. 

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، حكوومەتی عێراق خۆی بۆ ئەگەرەكانی هێرشی ئیسرائیل ئامادە كرد و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، سەردانی مەیدانیی دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی حكوومەتی عێراق كرد.
 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.